ئۆجەلان: لە چوار پارچەی كوردستاندا، پشتیوانیی خەڵك بۆ پڕۆژەی سەربەخۆیی فراوان دەبێت

 	 ئۆجەلان: لە چوار پارچەی كوردستاندا، پشتیوانیی خەڵك بۆ پڕۆژەی سەربەخۆیی فراوان دەبێت
سیاسەتمەداری باكووری كوردستان (عوسمان ئۆجەلان) ڕایگەیاند، پڕۆژەی (سەرۆك بارزانی) لە بارەی ڕاپرسی و سەربەخۆییی كوردستانەوە، بووەتە خواستێكی كوردستانی و لە چوار پارچەی كوردستانەوە پشتیوانی لێ دەكرێت. دەشڵێت، سەرۆكی هەرێم بە دوای دەرفەتێكەوەیە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بگاتە كەناری ئارام.



(عوسمان ئۆجەلان)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بابەتی ڕاپرسی، پرسێكی گرینگ و نەتەوەییە، بە درێژاییی مێژووی گەلی كوردستان دەرفەتی لەو شێوەیە بۆ كورد نەهاتووەتە پێشەوە، بەوەی كە وڵاتان خۆیان بێنە هەرێمی كوردستان و پشتیوانی لە سەربەخۆییی كوردستان بكەن، بۆیە ئەو پڕۆژەیەی (سەرۆك بارزانی) كە ڕراپرسی و سەربەخۆییە، ویستێكی جەماوەرییە لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، گەڕانەوەیش بۆ ڕای خەڵك، بەهێزترین بژاردەیە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری بكات".
(ئۆجەلان) لەسەر ئەو باوەڕەیە، كە ناكرێت لە پرسێكی گرینگی لەو شێوەیەدا گەلی كوردستان بكرێتە قوربانیی ململانێی حزبی، چونكە ئەمە دەرفەتێكی گرینگە و پاڵپشتییەكی بەهێزیشە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان.

ئەو سیاسەتمەدارەی کە برای (عەبدوڵلا ئۆجەلان) ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیە گوتیشی، "گەلی كوردستان لە پرسی شەڕ تێگەییشتووە و زیانی تێدا دەكات، لە ئەنجامی شەڕ لە باكووری كوردستاندا، بە سەدان گوند و شار و شارۆچكە لە ئاوەدانی بێبەش بوون و بە سەدان هەزار كەس لە ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارە بوون، بۆیە ناكرێت ئەم سیاسەتە بۆ پارچەكانی دیكە بگوازرێتەوە، لە هەمان كاتدا دەبێت خەڵك لە ئاستی جەماوەرییەوە هەڵمەتی فراوان دەست پێ بكات بۆ پشتیوانی لە ڕاپرسی، چونكە ئێستا دۆخێكی نالەبار لە ناوچەكەدا هەیە و هەوڵ دەدرێت پرۆسی ڕیفراندۆم دوا بخرێت یان لێی بدرێت، ئیتر بەهەر هۆیەك بێت دەبێت گەلی كوردستان دەرفەتێكی لەو شێوە لە دەست نەدات، چونكە بە دەرئەنجامەكانی ڕاپرسی، سنوورێك بۆ دەستتێوەردانی عێراق و توركیا و ئێران دادەنرێت كە هەندێك جار دەیانەوێت تەحەددا بە هەندێك ناوچەی كوردستانەوە بكەن، بۆیە زۆر گرینگە گەلی كوردستان لە رێگای ڕاپرسییەوە ئەو پرسە یەكلا بكاتەوە و، ئەو ناوچانەی دابڕێنراون، بیانگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی كوردستان".
kdp-
Top