نێچیرڤان بارزانی كار و چالاكییه‌كانی تیمێكی پزیشكانی ئوردنی به‌رز نرخاند
له دیدارێكدا شاندی میوان كه به یاوه‌ریی (هه‌یسه‌م ئهبولفوول) كونسووڵی گشتیی شانشینی ئوردنیی هاشمی له هه‌رێمی كوردستان هاتبوون، سوپاسی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی كوردستانی-ئوردنییان كرد بۆ ڕێكخستنی ئه‌و ده‌رفه‌ته و سوپاسی حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێریشیان كرد بۆ كارئاسانی له كار و چالاكییه‌كانی یه‌ك ههفتهییهكهیاندا و ئاماده‌ییی خۆشیان ده‌ربڕی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك.
كونسووڵی گشتیی ئوردنیش سوپاسی ده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازی له‌و تیمه پزیشكییه و ئاماژه‌ی به دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی دێرینی نێوان هه‌ردوو گه‌لی ئوردن و كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له بواری ته‌ندروستیدا كرد. له‌مباره‌یه‌شه‌وه ڕایگه‌یاند له چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كانی ئوردن بۆ عێراق، دوێنی فڕۆكه‌یه‌كی داوده‌رمان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئوردنه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه كراوه و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن له هاوكارییه‌كانیان به‌رده‌وام بن.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی كوردستانی ئوردنی كرد بۆ ڕێكخستنی ئه‌و ده‌رفه‌ته و سوپاسی پزیشكانی ئاماده‌بوو له كه‌رتی تایبه‌تی ته‌ندورستیی ئوردن كرد كه خۆبه‌خشانه ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین خزمه‌تگوزارییان له پسپۆڕیی جیاجیای ته‌ندروستی پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كردووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه كه‌رتی ته‌ندروستی له ئوردن پێشوه‌چوونی باشی به‌خۆیه‌وه بینیوه و هیوای خواست هه‌رێمی كوردستان بتوانێت سوود له‌م پێشكه‌وتنه‌یان وه‌رگرێت و هاوكارییه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بن.
سوپاسی كونسووڵی گشتیی ئوردن له هه‌رێمی كوردستان كرد كه ڕۆڵێكی به‌رچاوی له بهرهوپێشوهبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوردن هه‌بووه و گه‌یشتنی فڕۆكه‌یه‌كی داوده‌رمانی ئوردونیشی به یه‌كێك له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی زانی و له‌مباره‌یه‌شه‌وه سوپاسی خاوه‌نشكۆ شای ئوردن و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و هیوای به‌رده‌وامی و تۆكمه‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندیی نێوان عه‌ممان و هه‌ولێری خواست.
kdp-
