وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە

 وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە
لەچوارچێوەی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناساندن و بە نێودەوڵەتی زمان و ئەدەبی کوردی، لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، داوا لە پسپۆڕان، شارەزیانی کۆمەڵێک بواری پەیوەست بە زمان و کەلتوور، دەکات کە ناو و ناونیشانی زانستییان ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن، بۆ ئەوەی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناساندنی بەنێودەوڵەتی زمانی کوردی بەشدار بن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25/4/2017 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ئاگادارییەکدا ھاتووە "لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناساندن و بە نێودەوڵەتی زمان و ئەدەبی کوردی، لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، داوا لە پسپۆڕان و شارەزیانی زمان، ئەدەب، مێژوو، کەلتوور، جوگرافیا و دیراساتی کوردی دەکات ناو و ناونیشانی زانستییان ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن، بۆ ئەوەی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ناساندنی بەنێودەوڵەتی زمانی کوردی بەشدار بن".

لەو ئاگادارییە ئەوەش خراوەتەڕوو: "دوای ئەوەی لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پڕۆژەی ناساندنی بەنێودەوڵەتی زمان و ئەدەبی کوردی پەسەند کرا، ژمارەیەک لە زانکۆ بیانییەکان پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە، بۆ ئەوەی سوود لەو پڕۆژە وەربگرن".

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوەشی روون کردوەتەوە: "پڕۆژەی ناساندنی بەنێودەوڵەتیی زمانی کوردی، بریتییە لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان، بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان، ئەدەب، مێژوو، کەلتوور، جوگرافیا و دیراساتی کوردی، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، پێشکەشکارانی نێودەوڵەتی دەتوانن لەو بوارانەدا لە زانکۆکانی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا و شارەزایانی ھەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن، کۆی تێچووی ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی دابین دەکرێت".

بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەو ئاگادارییەدا داوا لە پسپۆڕان و شارەزایانی زمان و ئەدەبی کوردی، جوگرافیا و مێژوو لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە دەکات، ئەوانەی توانا، حەز و ئارەزوویان ھەیە و زمانی ئینگلیزی دەزانن، دەتوانن تا ڕۆژی پێنچ شەممە، ڕێککەوتی ١١/٥/٢٠١٧ ناو و ناونیشانی زانستی و پوختەی ئەزمون و کارکردنیان لە ڕێگەی ئیمەیلی (kurdish.studies@mhe-krg.org) ڕەوانەی لێژنەکە بکەن، بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە پڕۆژەکە، وانە بەو خوێندکارە بیانیانە بڵێنەوە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (Kurd Scholarship) دێنە ھەرێمی کوردستان، لە زانکۆکانی کوردستان زمان، ئەدەب، مێژوو کەلتوور، کەلەپور و جوگرافیای کوردستان دەخوێنن.








باسنیوز
Top