مامۆستایەکی زانکۆ: دەبێت لایەنەکان لێدوانەکەی مەسرور بارزانی بەهەند وەربگرن
پ. د. خەلیل ئیسماعیل، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین، لەبارەی لێدوانەکەی مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: "قسەکانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی، گرنگییەکی زۆری ھەبوو، چونکە قسەی دڵی خەڵکی کوردستانی کرد، ئاخر پەرلەمان بە ھەمان نەفەسی پێشوو کارا بکرێتەوە، چ لە ھاوکێشەکان دەگۆڕێت، بۆیە دەبێت کاراکردنەوەی پەرلەمان دووربێت لە عەقلیەتی حزبی و ئەم ڕەوتەی کە ھەیە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ، ئەوەشی خستەڕوو: "کاتێک مەسرور بارزانی، دەڵێت دەبێت کاراکردنەوەکە لە خزمەتی نیشتمان و نەتەوەدا بێت، ھەر ئەوەی کە خەڵک داوا دەکات کە پەرلەمان دوور بێت لە دەستوەردانی حزبی، ئێستاش پشتیوانی فراوان لەقسەکانی دەکرێت، چونکە لەو ڕوانگەیەوە کە خەڵک ئەم پرسیارەی لە ناخی دایە مەسرور بارزانی، وەڵامی دایەوە ئێستاش گرنگە لایەنە سیاسییەکان بێنە سەرخەت و ئەو پەیامە بەھەند وەربگرن".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "کاتێک مەسرور بارزانی، دەلێت نابێت کاراکردنەوەی پەرلەمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی بێت، لەو روانگەیەوە کە ئێستا ھەر پرسێکی نەتەوەیی دێتە پێشەوە، دەیبەسترێتەوە بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، لەکاتێکدا لەپشت ئەمەوە، مەرامێکی سیاسی ھەیە".
ئەمڕۆ سێشەممە 25/4/2017، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی، ڕای گەیاند: "پێویست ناکات ھیچ لایەنێک موزایەدە بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە بکات و پارتی لە ھەموو لایەنێک بە پەرۆشترە بۆ ئەم پرسە".
باسنیوز
