نێچیرڤان بارزانی کار و چالاکییەکانی تیمێکی پزیشکانی ئوردنی بەرز نرخاند
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 25/4/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پزیشکانی ئوردنی و کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستانی - ئوردنی کرد، کە ماوەی ھەفتەیەکە لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خۆبەش چەندین نەشتەرگەری و چارەسەرییان بۆ پێشمەرگە و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.
لە دیدارێکدا شاندی میوان کە بە یاوەریی ھەیسەم ئەبولفوول، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردنیی ھاشمی، لە ھەرێمی کوردستان ھاتبوون، سوپاسی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستانی - ئوردنییان بۆ ڕێکخستنی ئەو دەرفەتە کرد، سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ھەولێریشیان بۆ کارئاسانی لە کار و چالاکییەکانی یەک ھەفتەییەکەیاندا کرد، ھاوکات ئامادەییی خۆشیان بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک دەربڕی.
ھاوکات کونسوڵی گشتیی ئوردنیش، سوپاسی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ پێشوازی لەو تیمە پزیشکییە کرد، ئاماژەی بە دۆستایەتی و پەیوەندیی دێرینی نێوان ھەردوو گەلی ئوردن و کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری تەندروستیدا کرد.
لەمبارەیەشەوە ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ھاوکارییەکانی ئوردن بۆ عێراق، دوێنی فڕۆکەیەکی داودەرمان لەلایەن حکوومەتی ئوردنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کراوە و ھەوڵیش دەدەن لە ھاوکارییەکانیان بەردەوام بن.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستانی ئوردنی بۆ ڕێکخستنی ئەو دەرفەتە کرد، سوپاسی پزیشکانی ئامادەبوو لە کەرتی تایبەتی تەندورستیی ئوردن کرد، کە خۆبەخشانە ماوەی ھەفتەیەکە لە ھەرێمی کوردستان، چەندین خزمەتگوزارییان لە پسپۆڕیی جیاجیای تەندروستی پێشکەش بە پێشمەرگە و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا کە کەرتی تەندروستی لە ئوردن پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەم پێشکەوتنەیان وەرگرێت و ھاوکارییەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بن.
ھاوکات نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئوردن لە ھەرێمی کوردستان کرد کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرەوپێشوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئوردن ھەبووە، گەیشتنی فڕۆکەیەکی داودەرمانی ئوردونیشی بە یەکێک لە ئەنجامی ئەو ھەوڵانەی زانی و لەمبارەیەشەوە سوپاسی شای ئوردن و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەی کرد، ھیوای بەردەوامی و تۆکمەکردنی زیاتری پەیوەندیی نێوان عەممان و ھەولێری خواست.
باسنيوز
