کەسایەتییەکی کوردی ئێزدی: پەکەکە زانیاری لەسەر هێرشەکەی تورکیا هەبووە و پێش وەختە بنکە و بارەگاکانی چۆڵ کردووە

 کەسایەتییەکی کوردی ئێزدی: پەکەکە زانیاری لەسەر هێرشەکەی تورکیا هەبووە و  پێش وەختە  بنکە و بارەگاکانی چۆڵ کردووە
کەسایەتییەکی کوردی ئێزدی ئاشکرای کرد، پەکەکە زانیاری لەبارەی هێرشەکەی تورکیا هەبووە و بنکە و بارەگاکانی پێش وەختە چۆڵ کردووە و تەنیا پێشمەرگە لە هێرشەکە زەرەرمەند بووە.



ناریف ڕەشۆ ئالیسانی، کەسایەتیی کوردی ئێزدی، ڕاگەیاند: ”ئێمە دەمانویست کە خەڵکی بۆ شنگال بگەڕێنەوە، کەچی ئەم ڕووداوە هاتە پێشەوە، لە کاتێک ماوەی چەند ساڵێکە کەسایەتیی ئێزدی و پیاوانی ئایینیی ئێزدی داوا لە پەکەکە دەکەن، شنگال چۆڵ بکات، بەڵام چۆڵی ناکات، تادواجار بیانووی دایە دەست تورکیا و شنگال بۆردومان کرا“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”بەرپرسانی پەکەکە خۆیان دەڵێن پێش وەختە زانیارییان لەسەر بۆردومانەکەی ئەم بەرەبەیانەی تورکیا ھەبووە، ئەگەر وایە دیارە پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا هەبووە و پێش وەختە بنکە و بارەگاکانیان چۆڵ کردووە“. باسیشی لەوە کرد کە بەرپرسانی پەکەکە زانیارییان لەبارەی بۆردومانەکەی تورکیا بە پێشمەرگە نەداوە و بەو هۆیەوە پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.



لە لایەکی دیکەوە خەیری زیبان، ئەندامی ئەنجومەنی شاری شنگال، ڕاگەیاند: ”شنگال بەشێک نییە لەو ناوچانەی پەکەکە دەسەڵاتی خۆی تێدا قایم کردووە و پێویستە بە زووترین کات ئەو هێزە شنگال چۆڵ بکەن، ئەگینا هەڵوێستێکی توند لەسەر مانەوەی پەکەکە لە شنگال وەردەگرین“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەکە ئەنجام دەدەن و بە فەرمی جارێکی دیکە داواکارییەکە لە پەکەکە دەکەن.



بە بڕوای زیبان، ئەگەر پەکەکە شنگال چۆڵ نەکات، ئەو کەسانەی بۆ شارەکە گەڕاونەتەوە، جارێکی دیکە ئاوارە دەبن و داوای کرد: ”حکوومەتی عێراقیش بۆ کشانەوەی پەکەکە لە شنگال فشار دروست بکات و پشتیوانیی دارایی پەکەکە نەکات“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە شنگال، 5 پێشمەرگە شەهید بوون و 9ی دیکەش بریندار بوون.





باسنیوز
Top