وەزارەتی پێشمەرگە: بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە

وەزارەتی پێشمەرگە: بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە
وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە".
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بۆردومانکردنی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا جێگەی قەبوڵکردن نییە و جارێکی دیکەش داوای کشانەوەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد.



لە ڕاگەیاندراوێکدا، بەناوی گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دراوە: ”کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 25/4/2017، چیای شنگال و دەوروبەری لە لایەن فڕۆکەکانی سوپای تورکیاوە بۆردومان کراوە و زیان و وێرانکاریی زۆری لێکەوتووەتەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید و نۆ پێشمەرگەش بریندار بوون“.



وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە کە شەھید و بریندار بوونی پێشمەرگە ”جێگەی داخێکی زۆرە“ و بۆردومانکردنی پێشمەرگە لەلایەن فرۆکەکانی تورکیاوە ”قابلی قبوڵ نییە“ و لەبارەی بوونی پەکەکەوە دووپاتی کردووەتەوە کە: ”کێشە و گرفتیان بۆ خەڵکی ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان ناوەتەوە و سەرباری ئەوەی لە ھەموو لایەکەوە زۆریش داوایان لێکراوە کە چیای شنگال چۆل بکەن، بەڵام گوێیان بۆ کەس نەگرتووە“.



وەزارەتەکە دووبارە داوای لە پەکەکە کردووە کە ھێزەکانی لە چیای شنگال و دەوروبەری بکشێنێتەوە و چیتر نەبنە مایە ناسەقامگیری و قووڵتربوونی کێشەکان و ”ڕێگە بدەن ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێتەوە“.




باسنیوز
Top