سلێمانی.. بۆ پشتگیری لە ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان ھەڵمەتێکی خوێنبەخشین بەڕێوە دەچێت

 سلێمانی.. بۆ پشتگیری لە ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان ھەڵمەتێکی خوێنبەخشین بەڕێوە دەچێت
بۆ پشتگیری لە ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان، ڕێکخراوی بەخشینی (خوێن و ژیان) کەمپینێکی خوێنبەخشینیان لە سەنتەری گواستنەوە و وەرگرتنی خوێن لەشاری سلێمانی ئەنجام دا.

ئەمڕۆ سێشەممە 25/4/2017، ڕێکخراوی بەخشینی خوێن و ژیان کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان، بە بەشداری ھاونیشتمانیانی شاری سلێمانی، ھەڵمەتێکی فراوانی خوێنبەخشینی ئەنجام دا.

نازەنین عەبدولباقی، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی خوێن و ژیان، ڕاگەیاند: "سەربەخۆیی کوردستان ئاواتی ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، بۆیە ئێمە وەک ڕێکخراوی خوێن و ژیان کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆین و لە پێناو ھەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستانی گەورە، بە باشمان زانی کەمپینی خوێنبەخشین ئەنجام بدەین".

گوتیشی: "ئەمە یەکەمین جارە ڕێکخراوەکەمان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چالاکییەکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات، خۆشبەختانە ھاونیشتمانیانی شاری سلێمانی بە پەرۆشەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم کەمپینە دەربڕی و خوێنی خۆیان لەپێناو سەربەخۆیی کوردستاندا بەخشی".

جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی خوێن و ژیان، ئەوەشی گوت: "ھەوڵی ئەوە دەدەین کەمپینەکەمان فراوانتر بکەین و لە شارەکانی ھەولێر و دھۆک بۆ پشتگیری لە ھەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان، درێژە بەم کەمپینە بدەین".










باسنیوز
Top