وەزارەتی پێشمەرگە: لە ڕێی سەرۆک بارزانییەوە هەڵوێست ڕادەگەیەندرێت

 وەزارەتی پێشمەرگە: لە ڕێی سەرۆک بارزانییەوە هەڵوێست ڕادەگەیەندرێت
بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نەتەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە پێشمەرگە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا شەهید و بریندار بوون و داوای چۆڵکردنی سنوورەکەش لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات.



ھەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نەتەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕای گەیاند: زیاتر لە ساڵێکە ھاوار دەکەین، نامانەوێت پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان بکەوێتە ناو ئەو ھاوکێشە ھەرێمایەتییەوە، ئەمڕۆ ئەوەی کە ئێمە حەزەرمان لێ دەکرد، شەوی ڕابردوو ڕووی دا، لە ئەنجامی بۆردومانی فرۆکەی تورکیا، پێشمەرگە شەھید بووە و پێشمەرگە بریندار بووە، بارەگای پێشمەرگە سووتاوە“.



جەختیشی لەوە کردەوە: ”پێمان باشە پەکەکە بە ھەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە و ئەو ناوچانە چۆڵ بکات کە خاکی ھەرێمی کوردستانن، داواش لە تورکیا دەکەین کە هەستیارتر لەگەڵ ئەم حاڵەتە مامەڵە بکات، نامانەوێت ئەو ناوچانە ببنە ئامرازی هاوکێشەی ھیچ لایەنێک".



ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەشی بەوە کرد: "ئەگەر پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە، مەترسی دەبێت ھێرشەکان بەردەوام بێت، چونکە عێراق دەوڵەتێکی لەرزۆکە و ناتوانێت سەروەریی خۆی بپارێزێت، بۆیە دەنگی ئێمە ئەوە بووە کە پەکەکە ھەڵوێستی پێشمەرگە و کوردستان لەبەرچاو بگرێت، ئەگینا بەردەوام بوونی پەکەکە لەسەر هەڵوێستەکانی دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیا لەم هەڵمەتانە بەردەوام بێت“.



ئەوەشی خستەروو، لەسەر ئەم ھێرشە ھەموو دونیا ئاگادارە پێشمەرگە وەک ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رێگای سەرۆک بارزانی ھەڵوێستی ڕوونی دەبێت بۆ رای گشتیی جیھان و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.










باسنیوز
Top