حکوومەت چەند بڕیارێك بۆ پێدانی قەرز دەردەكات

 حکوومەت چەند بڕیارێك بۆ پێدانی قەرز دەردەكات
ەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووكەكانی لاوان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، رای دەگەیەنێ، چەند بڕیارێكی پێوەست بە قەرزی بچووك دەركراون و چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.



ئارام ئەنوەر، راگەیاند: "بڕیار درا بە دواخستنی وەرگرتنەوەی پارەی قەرز لە سوودمــــەندان تا پرۆسەی قەرز دەست پێ دەكاتەوە، واتا تا كاتێكی نادیار هیچ بڕە پارەیەكیان لێ وەرناگیرێتەوە".



ئاماژەی بەوەش دا، بڕیار دراوە لە كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی پێدانی قەرز شێواز و میكانیزمی نوێ بگیرێتە بەر، بە مەبەستی زیاتر بەزانستیكردنی پرۆسەی پێدانی قەرز: "ئەو هاووڵاتییانەی كە داوای قەرز دەكەن پێویستە بەشدار بن لە خولی راهێنان لە بواری بازاڕ و بازاڕگەری، كە لەلایەن راهێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی قەرز لە شار و شارۆچكەكان بەڕێوە دەچێت، بە هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ بنكەكانی راهێنان".



جەختیشی كردەوە، لە دامەزراندنی سندووقێكی تایبەت بە داهات و سەرمایەی پرۆژەی قەرزی بچووك كە پێشووتر بڕیاری لەسەر درابوو، گوتیشی: "بڕیار دراوە كرێی (پشكنین و هەڵسەنگاندنی سوودی ئابووری) لەگەڵ (رسووماتی بەڵێننامە و دەستەبەری قەرز) و (كرێی بەشداریی خولی راهێنان) و (كرێی چاپكردنی فۆرمی بزنس پلان) لە سوودمەندان، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دارایی و ئابووری نرخەكان دیاری بكرێت لەگەڵ شێواز و چۆنیەتیی خەرجكردنەوەی داهاتەكەی".



زیاتر لە 500 كەسیش كە مامەڵەكانیان تەواو بووە و فەرمانی وزارییان هەیە و چاوەڕوانی پێدانی قەرزەكانیان دەكەن“. بەڕێوەبەری سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووكەكان ئاشكراشی كرد، بڕیار دراوە نووسراوێك ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت بە مەبەستی دەستپێكردنەی پرۆسەی پێدانی قەرزی بچووك.



پێشنیارێكی بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەبوو سەبارەت بە یەكخستنی بەڕێوەبەرایەتیی قەرز وو نووسینگەكانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی كار لە شار و شارۆچكەكان، بەڵام ئەو بەرپرسە دووپاتی كردووە، ئەو پێشنیارە رەت كراوەتەوە، چونكە ناكۆكە لەگەڵ ناوەڕۆكی یاسای سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووكەكانی لاوان".



تا ئێستا 8 هەزار و 136 سوودمەند لەو قەرزانە هەیە، ئەوەش لە كاتێك دایە لە تەمووزی 2011 پێدانی قەرزەكە دەستی پێكردووە، كە لەنێوان ملیۆنێك تا 15 ملیۆن دینار بە هەر كەسێك دەدرێت كە قەرزەكە وەردەگرێت".



د.عارف حیتو، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی راگەیاند، داوا لە ئەنجومەنی وەزیران كراوە دووبارە قەرزی بچووك دەست پێ بكرێتەوە، گوتی: ”بۆ هه‌ر مانگێك داوای بڕی 300 ملیۆن دینارمان بۆ قه‌رزی بچووك ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش بڕیاره‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری كرد، وه‌زاره‌تی دارایی ته‌نیا ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر پێدانی بڕی 600 ملیۆن دینار داوه، ئەوەش پارەیەكی زۆر كەمە‌".







باسنیوز





Top