سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال: پەکەکە ڕێگری لە گواستنەوەی بریندارانی پێشمەرگە کردووە

سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال: پەکەکە ڕێگری لە گواستنەوەی بریندارانی پێشمەرگە کردووە
سەرۆکی ئەنجومەنی شەنگال ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوێی بە داواکارییەکانیان نەداوە و بەو هۆیەوە جارێکی دیکە شنگال زیانی بەرکەوتووە.



ئەمڕۆ سێشەممە 25/4/2017، وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال، ڕاگەیاند: "ساڵێکە بەپەکەکە دەڵێین واز لە شنگال بھێنن و گوێیان بە کەس نەداوە، ئەوەبوو ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان گەیشتنە شنگال و پۆلێک پێشمەرگە شەھید بوون، لە کاتێکدا ئەوەی لێی دەترسیان ڕووی دا، ئێستاش ھەموو ئامانجەکانیان بۆ ئەوەیە کە شنگال لەیەکتری داببڕێنرێت و لێک جیابکرێتەوە".



سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە کاتی بۆردومانەکانی تورکیا، جگە لە شەهیدەکان، چەند پێشمەرگەیەک بریندار بوون، بەڵام: ”لە کاتی گواستنەوەیاندا بۆ ڕێگای دھۆک، لەلایەن ھێزەکانی پەکەکەوە ڕێگری کرا و نەیانهێشت پێشمەرگە بریندارەکان بۆ دهۆک بگوازرێنەوە، بۆیە بە ناچاری ڕێگەیەکی دوورتر و جیاواز گیرایە بەر، تا بریندارەکان گەیەندرانە نەخۆشخانە“.



بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکیان لە سنووری شاری شنگال بۆردومان کرد و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە.








باسنیوز
Top