بەڕێوەبەری شارەدێی سنوون: بۆردومانەکەی تورکیا زیانی گیانی و ماددی هەبووە

 بەڕێوەبەری شارەدێی سنوون: بۆردومانەکەی تورکیا زیانی گیانی و ماددی هەبووە
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوون لە سنووری شاری شنگال ئاشکرای کرد، بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا، زیانێکی گیانی و ماددی زۆر کەوتووەتەوە و پێنج پێشمەرگەش شەهید بوون.



بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 25/4/2017، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە سنووری شاری شنگال بۆردومان کرد.



لەمبارەیەوە نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونی سەر بە شنگال ڕاگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان گوندەکانی (کەسکێ، بارێ و کەرسێ)یان لەگەڵ چیای شنگال بۆردومان کردووە.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەهۆی بۆردومانەکەوە هۆڵێک لە نێو گوندی (کەسکێ) کە هۆڵی بۆنەکان بووە، بە تەواوی ڕووخێندراوە و ترس و دڵەڕاوکێش لەنێو خەڵکیدا بڵاو بووەتەوە.



بەڕێوەبەری شارەدێی سنوون ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا لە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە، زیانی گیانی هەبووە و 5 پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.



پێشتر ئیدارەی شنگال چەندان جار هۆشدارییان بە پەکەکە داوە لەوەی کە ئەگەر هێزەکانی لە شنگال نەکشێنێتەوە، ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر شنگال و دووبارە درووستبوونەوەی ئاڵۆزی لە ناوچەکە هەیە، بەڵام پەکەکە هێزەکانی نەکشاندووەتەوە.









باسنيوز
Top