قەڵادزێ.. سێیەمین کونفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی دەستی پێ کرد
ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ، سێیەمین کونفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی، بەدروشمی کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بونیادی ھزری و درێژەپێدانی زانستی، دەستی پێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤/٤/٢٠١٧ بەچاودێری و ئامادەبوونی د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان، د. موفەق خالید، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران و مامۆستایان و خوێندکاران، کۆلێژی پەروەردە لە قەڵادزێ سێیەمین کونفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی خۆی لەژێر دروشمی کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بونیادی ھزری و درێژەپێدانی زانستی دەستی پێ کرد.
لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، کورتە فیلمێک بەناونیشانی بونیاد و کارەسات و ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوە نمایشکرا، دواتریش چەند گوتەیەک پێشکەش کران، لەوانە گوتاری سەرۆکی لێژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنفرانس، گوتاری سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، لە گوتارەکانیاندا باسیان لە لایەنەکانی کۆنفرانس و کارنامەی زانکۆکە کرا، بەتایبەت لە بواری کارگێڕی و کواڵیتی و دڵنیایی جۆری و زانستی.
دوابەدوای پێشکەشکردنی گوتارەکان، کارنامەی کۆنفرانسەکە دەستی پێ کرد، واش بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەی چەند پانێڵێکەوە زیاتر لە ١١٠ توێژینەوە لە بوارەکانی زمان، ئەدەبی کوردی عەرەبی و ئینگلیزی لەلایەن زیاتر لە ١٤٠ توێژەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بخرێنەڕوو.
bas news -
