پارتی لە کەرکووک پڕۆژەیەکی پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکان کرد
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک (د. محەمەد خورشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''"ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک کۆبوونەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی پرسە ھەنوکەییەکان کرا، وەکو ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگا دەریکردوون، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا، کە نەدەبوو بەوشێوەیە پرسی ئاڵای کوردستان لە ڕاگەیاندنەکاندا گەورە بکرێتەوە و تەئکیدیش لەوە کرایەوە کە پێویستە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک ئەنجام بدرێت و باسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کەرکووک کرا، کە ئەنجوومەنی پارێزگا پێشنیاری بە حکوومەت کردووە و جگە لەوەش ھەمووان لەگەڵ ئەوەدا بوون کەرکووکیش بەشداری لە ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا بکات.''
(د. محەمەد خورشید) گوتی: ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا ئەگەر حکوومەت وەڵامی ئەنجومەن نەداتەوە دەربارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە مافی خەڵکی کەرکووکە و بەشێکە لە مادەی١٤٠، ئەوکات خەڵکی کەرکووک بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.''
(د. محەمەد خورشید) ڕوونیشی کردەوە: ''لە کۆبوونەوەکەدا ھەموو لایەنەکان لەسەر ھەموو پرسەکان یەکھەڵوێست بوون و زۆریش ئیجابی بوو. ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەشنوسی پڕۆژەیەکمان پێشکەشی لایەنەکان کرد، کە باس لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ڕیفراندۆم لە کەرکووک دەکات، بۆ ئەوەی لایەنەکان دیراسەی بکەن و ببێتە پڕۆژەی ھەمووان
kdp-
