لەبەردەم ماڵی مام جەلال لە سلێمانی خۆپیشاندانە

لەبەردەم ماڵی مام جەلال لە سلێمانی خۆپیشاندانە
لەبەردەم ماڵی مام جەلال لە سلێمانی، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان كە چیمەنتۆ لە ئێرانەوە هاوردە دەكەن، خۆپیشاندانیان دەست پێ كرد.

عادل ئەحمەد، یەكێك لەو شۆفێرانە، لەم بارەوە ڕایگەیاند: "ماوەیەكە لە سنووری نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە ڕێگەمان پێ نادرێت چیمەنتۆی ئامادەكراو لە ئێرانەوە هاوردەی ئەمدیو بكەین و بەو هۆیەشەوە ئێمە پاش چەند ڕۆژێك لە مانگرتن، لە مەرزەكە بڕیارمان دا خۆپیشاندانەكانمان ببەینە سلێمانی".

گوتیشی: "چووینە بەردەم مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و لەوێ نوێنەرانمان لەگەڵ چەند بەرپرسێك كۆبونەوە و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانیان پێداین، بەڵام ئێستا ئێمە لە دەباشانین و لەبەردەم ماڵی مام جەلال و دەمانەوێت و داواكارییەكانمان كە ڕێگە بە كاركردنمانە، بۆمان جێبەجێ بکرێن".

عادل ئاماژەی بەوەش دا: "لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی لە مەرزەكە زۆر قسەمان كردووە، بەڵام داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكران، بۆیە خۆپیشاندانەكانمان بردە سلێمانی".

هاوكات حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گومركی گەرمیان كە بارەگای بەڕێوەبەرایەتییەكە لە سنووری نێودەوڵەتیی پەروێزخانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەی چوار ڕۆژە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بەهۆی داخستنی ڕێگای نێو مەرزەكە لەلایەن ئەو ئۆتۆمبێلانەوە ڕاگیراوە".

ئەوەشی گوت: "بەو هۆیەوە زیانی زۆر بەر كەرتی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان كەوتووە".

سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان دەكەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە و لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە بە یەكێك لە گەورەترین مەرزەكانی نێوان ئێران و عێراق دادەنرێت.












باسنیوز
Top