سەرکردەیەکی پارتی: ئامانجی شاندەکانی بەغدا بۆ ئاستەنگ خستنە بەردەم ڕیفراندۆمە
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە ھەڵەبجە، لەم بارەوە ڕایگەیاند: "ھەموو ئەو شاندانەی ئێستا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، تەنیا بەمەبەستی دروستکردنی ڕای جیاواز لە نێوان حزبە کوردییەکانی ھەرێمی کوردستان دێن، ھەروەھا دەیانەوێت لەمپەر بخەنە پێش گشتپرسی، چونکە ئێستا پرسی ڕیفراندۆم بابەتێکی گەرمە و کورد دەیەوێت ڕیفرادۆم بەڕێوە ببات".
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 2017/4/24 شاندێکی باڵای سەدر سەردانی پارێزگای ھەڵەبجە بکات، فازڵ بەشارەتی پێی وایە، ھاتنی شاندە باڵاکان لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، ھیچ گرنگییەکی نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆریان بەمەبەستی کات کوشتن و گەشتوگوزار دێن، سەردانەکانیش لەڕووی ئیدارییەوە ھیچ سوودێکیان نییە، چونکە ئەوان بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکان سەردان ناکەن.
دوای ئەوەی عەمار حەکیم، سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتیمانیی قسەی لەسەر ئەوە کرد، "کە ئەگەر دەوڵەتی کوردستان دروست بکرێت، کەس پاڵپشتیی ئەو دەوڵەتە ناکات، جگە لە ئیسرائیل، ئەو سەرکردەیەی پارتی ھێما بۆ ئەوە دەکات "ئەوان ھەر زوو دژایەتیی خۆیان بەرامبەر بە کورد دەربڕی، ھەر لە سەرەتای دروستبوونی عێراقیشەوە ئەوان کوردیان وەک بەشێک لە ئیسرائیل زانی، ھیچ خاڵیکی ئەرێنییان نەبووە".
باسنیوز
