جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت

 جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت
لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە بۆ “ڕای گشتی” بڵاویکردووەتەوە، ئەکرەم شەریف، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەستبەرداری پۆستەکەی خۆی دەبێت و ڕایدەگەیەنێت، بەپێی بڕیاری دادگای کارگێڕی لادانم لە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و بە ھەڵوەشاوە دادەنرێت، بەو پێیەش جێگری ئێستای ئەنجومەنی پارێزگا لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان نایاساییە.

ئەکرەم شەریف پێیوایە “خۆسەپێنەکان” پابەندی بڕیاری دادگا نەبوون و گۆڕانیش، کە “خۆی بە پارێزەری یاسا دەزانێت بڕیارەکەی دادگای پێشێل کرد و ئامادە نەبوو جێبەجێ بکات”.



دەقی ڕوونکردنەوەکە..


بۆ ڕای گشتی

لای ھەمووان ئاشکرایە لە ماوەی ھەشت مانگی ڕابردوودا ستەمێکی یاسایی و کارگێڕی لە بەندە کرا بەشێوەیەکی نایاسایی لە پۆستی (جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) بەھۆی ململانێکانی ناو یەکێتیەوە لادرام. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەن وسەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەن (لە ڕووی یاساییەوە) ئەنجامدەری سەرەکی ئەو پێشێلکارییە بوون.

ھەرچەندە ھەر زوو ڕێکاری یاسایم گرتە بەر و تانەم لەو بڕیارە سەپێنراوە دا، خۆشبەختانە ڕۆژی ٢٠ / ١١ / ٢٠١٦ بە بڕیاری ٢٣-ک / ٢٠١٦ دادگای کارگێڕی سلێمانی بە کۆی دەنگ بڕیارە سەپێنراوەکەی ھەڵوەشاندەوە ، داواکاری گشتیش پشتگیری و پەسەندی ھەڵوەشاندنەوەکەی کرد.

لە بریارەکەی دادگادا بەڕوونی ھاتووە کە لادانی من لە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ھیچ بنەما و پشتیوانیەکی یاسایی نی یە و بە ھەڵوەشاوە دادەنرێت ئەوەش بەو مانایە دێت جێگری ئێستای ئەنجومەنی کە لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕانە نایاساییە .

ئەوەی جێگەی بێ ئومێدی و سەرسوڕمانە، خۆسەپێنەکان ، نەک پابەند نەبوون بە بڕیاری دادگاوە بەڵکو سوور بوون لەسەر خۆسەپاندن، لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان کە خۆی بە پارێزەری یاسا دەزانێت بڕیارەکەی دادگای پێشێل کرد و ئامادە نەبوو جێبەجێ بکات.

لە سەر ئەو بنەمایە ، لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن دلسۆزانی ناو یەکێتیەوە لە ئاستی باڵا ، چەندین پۆستم لە ئاستی جیاوازدا بۆ پێشنیار کراوە ، بەشێک لە پێشنیارەکان بەھۆی ململانێی ناو باڵەکانەوە جێبەجێ نەدەکران و بەشێکیشیانم رەدکردەوە.

دواجار بۆ کۆتایھێنان بەو قەیرانە سیاسی، یاسایی و ئیدارییەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دروستبووە ، لە ژێر فشارو داوای دۆستانم لە ئاستی باڵا رازی بووم ، پۆستی قائیمقامی قەزای سەیدسادق وەربگرم (لە کاتێکدا لە ڕووی کارگێڕییەوە، ئەندامی ئەنجومەن پلەی فەرمانبەرێتی لە پۆستی قائیمقامی قەزا بەرزترە) بەڵام لەبەر خۆشەویستیم بۆ دانیشتوانی شارەکەم ( سەیدسادق) بە ناچاری داواکارییەکەم بە کۆمەڵێک سەرنجەوە پەسەند کرد.

بۆ ئەو مەبەستە نووسراوی فەرمیم بۆ کرا و چەند قۆناغێکی سیاسی و یاسایی و ئیداری بڕی بەڵام جارێکی تر بەھۆی ململانێکانەوە گرفتی بۆ دروستبوو یە وە ، کە بە دیوێکدا پێم باش بوو چونکە لە بنەڕەتدا سەرنجم لە سەر ئەو پۆستە ھەبوو ، بە دیوێکی تردا جارێکی تر پێم باش نەبوو چونکە دەرخەری ئەو راستیەیە کە ململانێکان لە جێگەی خۆیاندان و چارەسەر نەکراون.

ئەوەی پەیوەندیدارە بە ئەنجومەنی پارێزگاوە:-

لە کاتێکدا ئەرکی ئەنجومەنە بە پێی بڕیاری یاسایی ھەر نوسراوێک لە لایەن پارێزگارەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنەکە بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی بەرپرسی پۆستە ئیدارییەکان (قائیمقام، بەرێوەبەری ناحیەکان) دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا بکرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنەوە، کەچی جارێکی تریش بەداخەوە ئەنجومەن نەیتوانی خۆی لە ژێر ھەیمەنەی چەند کەسێکی ناوحزبدا دەربکات کە بەشێوەی نایاسایی ئاڕاستەی دەکات کە دیسانەوە پێشێل کاری یەکی دیکەی یاسایی ڕوونی ئەنجام دایەوە ، کە بەڕاستی دەسەڵاتی ئەنجومەن بەتایبەتی سەرۆکایەتی ئەنجومەن ، لە ئاست ئاڕاستەکردنە حیزبی و نایاساییەکاندا جێگەی تێڕامان و ھەڵوێستە لەسەر کردنە ، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگی فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەن لە ئاست پێشێلکارییە یاساییەکاندا جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە ؟!!

کە بە داخەوە لەو چوارچێوەیەدا چەندین جارە کۆبوونەوەی بەرزترین دەزگای چاودێری و ھەڵبژێردراوی پارێزگای سلێمانی دوادەخرێ بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشە سیاسی و یاسایی و ئیداریانە بکرێ، بەڵام بەداخەوە نیەتی جدی و ڕاستگۆیانە نی یە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان .

ئێستا ئەنجومەن لە قەیرانێکی یاسایی قوڵدایە ، بە پێی یاسا من جێگری سەرۆکی ئەنجومەنم ، بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی ( یەکێتی و گۆڕان) بەڕێزێکی تر بۆ ئەو پۆستە دانراوە ، بە نایاسایی یاسا بە سەر مندا فەرزکراوە.

بۆیە بەندەش دوای ڕاوێژکردن و تاوتوێکردنێکی وردی بابەتەکە ، لەگەڵ ژمارەیەک دڵسۆز و بەرپرس و خوێندنەوەی ووردی دۆخی یاسا و ژینگە کە ، گەشتمە ئەو بڕوایەی ، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و چارەسەری ئەو کێشە سیاسی و یاسایی و ئیداریانەی ئێستا ئەنجومەنی تێدایە و لەبەر دۆخی یەکێتی ، ئەم چەند خاڵە بۆ ڕای گشتی بخەمە ڕوو :

١- بەداخەوە دوای پێشێل کردنی یاسا لە ٢٥ / ٨ ی ساڵی ڕابردوو ، لە ئەنجومەنی پارێزگا ، جارێکی تر ھەندێک سیناریست بە سیناریۆی جۆربەجۆر دەیانەوێت کێشەیەکی دیکە بۆ سەر کێشەکانی یەکێتی زیاد بکەن ، لەسەر پۆستی قائیمقامی سەیدسادق و بەندەش بکەنە ناونیشانی کێشەکە ، بۆیە لێرەوە بە ھەمووانی بەڕێزی ڕادەگەیەنم کە بەندە ھەرگیز ڕازی نابم و ئامادە نابم ونیم ، پۆستێک وەربگرم کە ڕەزامەندی کۆی یەکێتی لەسەر نەبێ .

٢- لە ئێستاوە ، لەسەر داوای بەڕێز جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی ( ی . ن . ک ) دەست بەرداری پۆستی یاسایی خۆم کە ( جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ) یە ، دەبم و وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا ئەرک و دەسەڵاتەکانی خۆم پیادە دەکەم .

٣- لای من باجی قورسی ھەڵوێستی نەگۆڕ ، لە دەسکەوتی گەورە و پاداشتی جۆربەجۆر و پلە و پۆست گرانتر و سەنگین ترە ، من پێم وایە ( بەڵێن بردنە سەر و ئیرادەی بەھێز و سەربەست بوون ) بنەمای ژیانن و میداڵی شکۆمەندین و ھەرگیز ناتوانرێ بە بەرۆکی تاکی بێ ئیرادەوە بۆ ھەمیشە بمێنێتەوە .

٤-بە ئەرکی دەزانم سوپاسی ئەو دۆستانەم بکەم کە لە ماوەی ڕابردوو ماندوم کردن و تا ئەم ساتەش ھاوکار و پشتیوانم بوون .

٥- زۆر سوپاسی بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم کە پیشەییانە بۆ پشتگیری لە سەروەر بوونی یاسا پشتیوانی کەیسەکەی من بوون ، کە خۆشبەختانە ھەنگاوی گەورەمان ھەڵگرت لەم ژینگەیەدا !!















باسنيوز
Top