دیندار دۆسکی: گۆڕان و کۆمەڵ زیانی گەورە لە هەڵوێستەکانیان دەکەن
د. دیندار نەجمان دۆسکی، سیاسەتمەدار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دەڵێت: "ئێمە دەمانگوت دەبێ سەرکردایەتیی کورد پرۆژەیان بۆ دەوڵەت هەبێت، دەبێ پلانیان هەبێت، دەبێ بە پلان کار بکەن، ئێ باشە با دەستپێکی ئەم پلانە بە ڕیفراندۆم بکرێت، و گرنگە دنیا بزانێت کورد چی دەوێت، ڕیفراندۆمیش بۆچوون و داخوازیی خەڵکە، دەبێ کورد مەشروعی نەتەوەیی هەبێت، چونکە کەس نازانێت ئەم قۆناغەی دوای داعش بەرەو کوێ دەڕوات، پێم باشە هەموو حزبەکانی کوردستان وشیار بن و خۆیان لەم پرسە لانەدەن، چونکە سبەی ئەم بڕیارە دەرچوو و خەڵک دەنگی دا بە گۆڕان و کۆمەڵ، ناتوانن بگەرێنەوە بۆ شەقامی کوردستان".
ئەو سیاسەتمەدارە کورد لە درێژەدا گوتیشی: "ئەگەر گۆڕان نەیەتە ناو پرۆسەکەوە دوای ڕیفراندۆم هەر دەسکەوتێک بەدەست هات گۆڕانی لێ بێبەرییە، دەبێتە مێژووییەکی خراپ، چونکە رەنگە بەبێ گۆڕانیش ڕیفراندۆم بکرێت، چونکە مەرج نییە هەموو خەڵکی کوردستان بە ڕیفراندۆم ڕازی بن، با ئەنجامەکەی 100% نەبێت، رەنگە 80% بێت, چونکە خەڵک ئازادە لە دەنگدان".
ئەوەشی خستەڕوو، "گۆڕان دەیەوێت لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە سەرۆکی پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە و پرسێکی وا گرنگی لە سەرۆکی پەرلەمانی پێ باشترە، پێشی وایە شەرعیەت ڕیفراندۆم لە دەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە گرنگترە لە بڕیاری پەرلەمان، باشە ئەوە پەرلەمان کارا نییە و بە ئاسانی کارا ناکرێتەوە، دەتەوێت بڵێیت بەبێ پەرلەمان خەڵک نابێت دەنگ بدات؟ دواجار کە خەڵک ڕاستەوخۆ دەنگی دا ئیتر پەرلەمانی بۆ چییە؟
باسنیوز
