ئەنجومەنی وەزیران: قه‌ڵادزێ‌ هه‌میشه‌ قه‌ڵایه‌كى به‌رگرى و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى داگیركه‌ران بووه

ئەنجومەنی وەزیران: قه‌ڵادزێ‌ هه‌میشه‌ قه‌ڵایه‌كى به‌رگرى و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى داگیركه‌ران بووه
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی یادی 43 ساڵەی بوردومانی شاری قەڵادزێ لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە.



لە پەیامەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا کە، هاتووە . قه‌ڵادزێ كه‌ هه‌میشه‌ قه‌ڵایه‌كى به‌رگرى و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى داگیركه‌ران بووه‌، له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوولدا ناوه‌ندى تاقه‌ زانكۆى كوردستان بوو، بۆیه‌ ببووه‌ مه‌ڵبه‌ندێكى دیارى زانستى و چاوى به‌عسییه‌كانى پێ هه‌ڵنه‌ده‌هات".



دەقی پەیامەکە:



په‌یامى ئه‌نجومه‌نى‌ وه‌زیران بۆ یادى بۆردومانكردنى قه‌ڵازدێ



له‌ یادى 43 ساڵه‌ى بۆردومانكردنى شارى خۆڕاگرى قه‌ڵادزێدا له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسى فاشییه‌وه‌، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانى شه‌هیدانى ئه‌و كاره‌ساته‌ داده‌نوێنین و به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌. قه‌ڵادزێ كه‌ هه‌میشه‌ قه‌ڵایه‌كى به‌رگرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داگیركه‌ران بووه‌، له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوولدا ناوه‌ندى تاقه‌ زانكۆى كوردستان بوو، بۆیه‌ ببووه‌ مه‌ڵبه‌ندێكى دیارى زانستى و چاوى به‌عسییه‌كانى پێ هه‌ڵنه‌ده‌هات.



ئه‌مڕۆ دواى 43 ساڵ له‌و تاوانه‌ دڕنده‌یه‌ى به‌عس، له‌ سایه‌ى خوێنى شه‌هیدان و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ و خۆڕاگریى گه‌لى كوردستان و ئیراده‌ى له‌ بننه‌هاتوویدا بۆ پێشكه‌وتن، كوردستان خاوه‌نى ده‌یان زانكۆ و مه‌ڵبه‌ندى خوێندن و زانست و فێركردن و پێگه‌یاندنه‌ و ساڵانه‌ به‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بۆ خزمه‌ت و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنى وڵات پێده‌گه‌یه‌نن.



له‌م یاده‌دا كه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منى و خۆبه‌خشه‌كانى كوردستان، به‌ گیان و خوێنى خۆیان هه‌رێمى كوردستانیان له‌ مه‌ترسیى تیرۆر و تیرۆرستان ڕزگار كرد و تیرۆر و تیرۆرستان خه‌ریكه‌ یه‌كجارى له‌ناو ده‌چن، له‌ سایه‌ى خوێنى شه‌هیدانى نه‌مرى قه‌ڵادزێ و هه‌موو شه‌هیدانى كوردستان، گه‌له‌كه‌مان هه‌نگاوى گه‌وره‌ به‌ره‌و به‌دیهێنانى ته‌واوى مافه‌ ڕه‌واكانى ده‌نێت و به‌ هیوایه‌كى گه‌وره‌تره‌‌وه‌ چاوى له‌ ئاینده‌یه‌كى گه‌شتره‌.



حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ له‌پێناو ئه‌و ئامانجانه‌دا كار ده‌كات كه‌ به‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ى كوردستان گیانى خۆیان بۆ كرده‌ قوربانى و له‌ پێناویاندا خوێنیان به‌خشى، داواش له‌ حكوومه‌تى عیراقى فیدرال ده‌كات ئه‌ركى ئه‌خلاقى و یاساییى خۆى جێبه‌جێ بكات و قه‌ره‌بووى هه‌موو قوربانیانى ئه‌و تاوانانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر گه‌لى كوردستاندا هێنراون.



دروود بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى قه‌ڵازێ و هه‌موو شه‌هیدانى كوردستان.



ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

24/4/2017




باسنیوز
Top