ئیسماعیل بێشكچی لە دهۆك باسی ریفراندۆم دەكات

ئیسماعیل بێشكچی لە دهۆك باسی ریفراندۆم دەكات



ئیسماعیل بێشكچی رووناكبیری توركیا و دۆستی كورد لەبارەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانەوە رایگەیاند دەبێ كورد بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەدەست بێنێ، کیمیابارانى هەڵەبجە لەبیر نەکات، دەبێ بزانن چۆن و بۆچى ئەنفال کران، دەبێ ئەمنە سوورەکەی سلێمانییان لەبەرچاو بێت.


ئەمڕۆ یەكشەممە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى دهۆک کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانست بەڕێوەچوو، کە تێیدا گەنگەشە لەسەر کوردستانى دواى نەمانى داعش و ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان.


لە كۆنفرانسەكەدا ئیسماعیل بێشکچى پڕۆفیسۆر و رووناکبیرى تورکیا وتارێکی لە بارەى سنوور، ریفراندۆم و سەربەخۆیی پێشكەش كرد، تیایدا باسى لە رۆڵى زانکۆ کرد و گوتى "رۆڵى زانکۆکان بۆ سەربەخۆیی زۆر گرنگە و پێویستە لە زانکۆکاندا ئازادى و ئازادى رادەربڕین بوونى هەبێت، چونکە ئەمە بنەماى کۆمەڵگەیەکى تەندروستە بۆ دەوڵەتێکى تەندروست و سەرکەوتوو".


بێشکچى گوتی "بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان دەبێت کورد کیمیابارانى هەڵەبجە لەبیر نەکات، بزانێت چۆن و بۆچى ئەنفال کراوە، هەروەها ناوەندى ئاسایشى سلێمانى سەردەمی بەعس (ئەمنە سوورەکە)یان لەبەرچاو بێت، دواى ئەو هەموو کارەساتە، دەبێت کورد سەربەخۆ بێت، ریفراندۆم ئەنجام بدات، لە رێگەى ریفراندۆمەوە ئامانجەکانى بپێکێ، کورد ئەگەر ئەمنە سوورەکەى سلێمانى بەبیر بێت و بزانێت چى تێدا روویداوە و چەند کەس کوژراون و چەند کەسى دیکە ئەشکەنجە دراون، بیر لەوە بکەینەوە چۆن دەتوانین بڵێین یەکپارچەیی خاکى عێراق با بەردەوام بێت؟ نەخێر ناتوانین بڵێین بەڵێ بۆ یەکپارچەیی خاکى عێراق مەگەر هەموو پێکهاتەکان هەموو پێکەوە بن بە یەکسانى بژین ئەمەش نەبووە".

bas news-
Top