هێمن هەورامی: هیچ وڵاتێك پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی دان بە سەربەخۆییەكەتدا نانێت
ئەمڕۆ یەكشەممە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى دهۆک کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانست بەڕێوەچوو، کە تێیدا گەنگەشە لەسەر کوردستانى دواى نەمانى داعش و ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان.
لە میانی كۆنفرانسەكەی ئەمڕۆی دهۆكدا، هێمن هەورامى یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمى کوردستان لە پانێلێکى کراوەدا رایگەیاند "بۆ قۆناخى دواى تێکشکانى سەربازى و جوگرافى داعش لە مووسڵ، جگە لە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان هیچ بژاردەیەکى دیکەى لەبەردەم نەماوە، چونکە دەیان بژاردەى دیکەى چەندین ساڵى رابردوومان تاقی کردووەتەوە".
هەروەها گوتی "هەڵوێستى وڵاتان پێش راگەیاندنى سەربەخۆیی نییە، هیچ وڵاتانێک پێش راگەیاندنى سەربەخۆیی دان نانێت بە سەربەخۆییەکەت، بەڵکو دواى راگەیاندنى سەربەخۆیی، هەموو ئەوانەى دەڵێن ئێستە کاتى دەوڵەتى کوردى نییە و هەبوونى قەیرانى دارایی و پەرتەوازەیی نێو ماڵى کوردى دەکەنە بیانوو، پەیامى ئێمە بۆ ئەوان ئەگەر ئێستا کاتى دەوڵەتى کوردى نەبێت کەى کاتیەتى؟ بۆیە داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە ئەمە پرسێکى نەتەوەییە و با دەست لەناو دەست سەرى بخەین".
هێمن هەورامی پێشبینی بۆ داهاتووی عێراق كرد و گوتی "بۆشایی ئەمنى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراق بوونى هەبووە، بۆیە داعش وا سەریهەڵدا و پەرەى سەند، پێشبینییەکان بۆ ساڵى ٢٠٢٥ ئەوەیە کە ململانێکانى نێوان شیعە و سوننە هەروەها شیعە لەگەڵ شیعە و سوننە لەگەڵ سوننە لە عێراق زیاتر دەبێت و بەرەو ناکۆکى توندوتیژ دەچێت، بە پێى زۆرترین سەرچاوە هەموو پێشبینى و بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن".
یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشکراى دەکات لەگەڵ فراوانبوونى بۆشایی حکومڕانى، بۆشایی سیاسى، ئەمنى، سەربازى و دامەزراوەیی لە ناوچەكە، هەروەها لەگەڵ شکستخواردنى وڵاتانى ناوچەکە، رێژەى کردەوەى تیرۆریستى زیاتر بووە، بۆیە هەموو مەبەستێکمان ئەوەیە کە ئێمە لە ژینگەیەکدا دەژین بۆ ئەوەى خۆمان بپارێزین، جگە لە سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان هیچ شتێکى دیکە نییە لەو ژینگە ئاڵۆزەدا بمانپارێزێ".
bas news-
