ناكۆكی دەكەوێتە نێوان پزیشکان و رۆژنامەنووسانی دهۆك

ناكۆكی دەكەوێتە نێوان پزیشکان و رۆژنامەنووسانی دهۆك



ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى پارێزگاى دهۆک لە بەردەم نەخۆشخانەى ئازادى، لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتی خۆیان لە رۆڵى دەزگاکانى راگەیاندن بەرامبەر کەرتى تەندروستى و پزیشکان راگەیاند. لە بەرامبەریشدا لقى دهۆکی سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان بەیاننامەىەکی بڵاو کردەوە.


دوای ئەوەی كەرتی پزیشكی شارەكە لە بەیاننامەكەدا میدیاكانی بە بێ ویژدان وەسف كرد، بەشێک لە رۆژنامەنووسانی دهۆك راستەوخۆ هەڵوێستیان وەرگرت و تەنها دواى چەند سەعاتێك وەكو سەندیكا لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەى بەکارهێنانى وشەى بێ ویژان و نابەرپرسیان لەلایەن کارمەندانى تەندروستیەوە كرد.


لەمبارەوە چەکدار ئەحمەد کارمەندى تەندروستى بەناوى کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى دهۆک، لە بەیاننامەیەکى رەخنە ئامێزدا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى گوتى "یاداشتنامەیەکمان بۆ هاووڵاتییانى پارێزگاى دهۆک و حکوومەتى هەرێمی كوردستان و وەزارەتى تەندروستى ئامادە کردووە، وێڕاى هێرشى تیرۆریستانى داعش، بۆ سەر هەرێمى کوردستان، قەیرانى دارایی و نەبوونى مووچەیەکى باش بۆ کەرتى تەندروستى، پزیشکان لەو ماوەیەدا توانیومانە خزمەتى هەموو لایەک بکەین".


ئەو کارمەندەى تەندروستى بەبێ ئاماژەدان بە هۆکارەکان، باسى لە هێرشى میدیایی بۆ سەر کەرتى تەندروستى کرد و گوتى "بەداخەوە بەم دواییە بەشێک لە دەزگاکانى راگەیاندن و ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسان هێرشێکى توندیان دەست پێکردووە دژ بە پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى، بە بۆچوونى پزیشکان ئەمە خزمەت بە هاووڵاتییان ناکات و خەڵک دەکاتە قوربانى، بۆیە بە ناوى تەواوى کارمەندانى تەندروستى ئیدانەى ئەو جۆرە هێرشانەى دەزگاکانى راگەیاندن دەکەین و حکوومەت بە بەرپرسیار دەزانین لە هەر جۆرە سەرپێچى و مامەڵەیەکى بەرامبەر ئێمە دەکرێت".


چەکدار ئەحمەد وەک خۆى دەڵێ خزمەتى هاووڵاتیان و هێزەکانى پێشمەرگە و ئاوارەیان کردووە و دەشڵێ "زیادکردنى ئێشکگران لە نەخۆشخانەکان وا دەکات هەڵەى پزیشکى زیاتر رووبدەن. هەرچەند ئێمە پاڵپشتى زیاترکردنى ئێشکگران ناکەین، بەڵام حاڵەتى هەڵەى پزیشکى دیاردەیەکى جیهانییە".


گوتیشى "ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستن و چاودێریکردنى تەندروستى هاووڵاتییان، چونکە ئەرکى پاراستنى تەندروستى ئەوان لە ئەستۆى ئێمەیە و یەک نەتەوەین و یەک زمانین، بە راى گشتى رادەگەیەنین کە حکوومەتى هەرێم و وەزارەتى تەندروستى بەرپرسیارن لە دابینکردنى پێداویستییەکانى تەندروستى وەک کارمەند و هەموو کەلوپەلەکانى تەندروستى".


بەهۆى ئەوەى پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى دروشمى راگەیاندکارى بێ ویژدان و نا بەرپرسیان بەرز کردبوویەوە، راستەوخۆ بەشێک لە رۆژنامەنووسانى ئامادەبوو کاردانەوەی توندیان نواند و پرسیارى ئەوە کرا کە بڕینەوەى دەستى منداڵێک بەهۆى هەڵەى پزیشکى بێ ویژدانییە، یان بڵاوکردنەوەى هەواڵى دەستبڕینەکە؟ پزیشکان بە بیانووى لە دەسەڵاتى ئەواندا نییە وەڵام بدەنەوە، وەڵامى پرسیارەکەیان نەدایەوە.


کەمێک پێش ئێستەش سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان لقى دهۆک لە بەیاننامەیەکدا وەڵامى گردبوونەوە و بەیاننامەکەى تەندروستى دایەوە، تێیدا هاتووە ئەگەر دەزگاکانى راگەیاندن نەبوونایە بەهیچ شێوەیەک گردبوونەوە ئەو بەیاننامەیەى پزیشکانى پارێزگاى دهۆک بڵاو نەدەبوویەوە و دەنگ و رەنگى پزیشکان نەدەگەیشتە راى گشتى.


هەروەها تێیدا هاتووە کە ئەگەر دەزگاکانى راگەیاندن بێ ویژدان و نابەرپرس بوونایە بایکۆتى بەیاننامەکەیان دەکرد، بەڵام بە پێچەوانە دەزگاکانى راگەیاندن بە دڵێکى گەورەوە تەواوى گلەیی و رەخنەکانى پزیشکانى رووماڵ کرد.


لێرەدا ئێمە جارێکى دیکە رۆڵى کەرتى تەندروستى بە گرنگ وەسف دەکەین بە تایبەت لە کاتى هاتنى ئاوارەکان و شەڕى داعش سەرەڕاى نەبوونى مووچە، کەمى دەرمان و ئامێرى پزیشکى پێویست بە ئەرکى خۆیان هەڵستاون، رۆژنامەنووسان دەیان جار ئەمەیان بۆ هاووڵاتییان روون کردووەتەوە، بەڵام ئەرکى راگەیاندنە هەر هەڵەیەک رووبدات تیشکى بخاتە سەر و هەموو بۆچوونێک لەبارەیەوە وەربگرێ بەبێ نیشاندانى لایەنێک لەسەر لایەنێکى دیکە.


لە بەیاننامەکەدا سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان لقى دهۆک ئاماژە بەوە دەدات کە هەڵە تێگەیشتنێک دروست بووە کە لە یاداشتنامەکەى پزیشکان و کارمەندانی تەندروستى دهۆک وەک دیارە ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لە نێوان رووماڵى دەزگاکانى راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا بە تایبەت لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک هێرش کراوەتەوە سەر کەرتى تەندروستى دهۆک نەکردووە، بۆیە ئێمە وەک لقى دهۆکی سەندیکاى رۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لەو کەسانە دەکەین کە دروشمى بێ ویژدان و نابەرپرسیان نووسیوە و بەرزکردووەتەوە، داواى لێبووردن لە رۆژنامەنووسان بکەن و روونکردنەوەش بدەن لەسەر ئەو کەناڵانەى هێرشیان کردووەتەوە سەر کەرتى تەندروستى، ئەگەر دەزگایەکى راگەیاندن پێشێلکارى یاسایی کردبێت ئەوکات کەرتى تەندروستى دەتوانێت سکاڵاى یاسایی تۆمار بکەن و مافى خۆیان وەربگرن.

bas news-
Top