سبەی وادەی پێشکەشکردنی داوا بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەست پێ دەکات

 سبەی وادەی پێشکەشکردنی داوا بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا دەست پێ دەکات
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی خوازیارانی خوێندنی باڵا، ئاگادار دەکاتەوە کە پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆ حکوومییەکان بۆ سیمستەری ھاوینە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) سبەی دووشەممە، دەست پێ دەکات.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: "سیمستەری ھاوینەی ماستەر و دکتۆرا بەھەمان ڕێنمایی ژمارە (٤) بۆ ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧، ڕێنمایی ژمارە (٥) بۆ دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ی سیمستەری زستانە، خوزاریارانی خوێندنی باڵا دەتوانن داوا پێشکەش بە زانکۆکان بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو کاندیدانەی کە لە سیمستەری زستانە ناویان دەرچووە و ئێستا مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزیان بەدەستھێناوە، دەتوانن لەگەڵ دەرچووانی سیمستەری ھاوینە دەست بەپڕۆسەی خوێندنی ئەکادیمی خۆیان بکەن".

روونیشی کردەوە: "وەزارەتەکەمان ئەوە ڕادەگەێنێت کە ئامادەکاری تەواو و پێویست بەھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆکان کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوازیاران و بەسەرکەوتووی بەڕێوەچونی ئەو پڕۆسە زانستی و ئەکادیمییە، بۆیە داوا لە خوازیاران دەکەین ماوەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا، لە سەرجەم زانکۆکان ڕۆژی دوشەممە ٢٤/٤/٢٠١٧ تا ٤/٥/٢٠١٧ بەردەوام دەبێت".

گوتەبێژی وەزاەتی خوێندنی باڵا، گوتیشی: "ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی ماستەر لە سەرجەم زانکۆکان، لە کاتژمێر١٠ی بەیانی، رۆژی ١٤/٥/٢٠١٧ دەبێت و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی دکتۆرا، لە سەرجەم زانکۆکان لە ھەمان کاتژمێر دەبێت، بەڵام لە رۆژی ١٥/٥/٢٠١٧ دەبێت".












Top