"کێشەی گۆڕان و یەکێتی لەسەر پۆستە گەورەکانی پارێزگای سلێمانییە"

یەکێتی و گۆڕان لەسەر پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی ڕێکک ناکەون و پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت: "یەکێتی پۆستی باشی داوە بە گۆڕان و ھەر ئەندەش دەکرێت".

بەپێی زانیاریيه كان، لە ‌کۆبوونەوەی نێوان گۆڕان و یەکێتیدا، تەوەری سەرەکی بریتی بووە لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنە لۆکاڵییەکەی سلێمانی و تێیدا پیشنیاری ئەوە کراوە کە دووبارە پۆستە دابەشکراوەکان ھەڵبوەشێنرێنەوە ‌و جارێکی تر دابەشی بکەنەوە.

لەمبارەیەوە سەرکەوت سەرحەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، رای گەیاند: "پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی دابەش کراون و یەکێتی پۆستی باشی داوە بە گۆڕان لە پارێزگاری سلێمانییەوە تا بەڕێوەبەر و بەرێوەبەرە گشتییەکان، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا پۆستەکانی دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕینە کە ڕەنگە لەو بارەشەوە رێککەوتن بکرێت ئەگەر نەشکرێت دەبێ رێککەوتنەکە دووبارە دابڕێژرێتەوە و پۆستەکان دابەش بکرێنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی باشی داوە بە گۆڕان ھەر ئەوەندەش دەکرێت.

ھاوکات نزار مەحموود، ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "رێککەوتنەکە گلەیمان لەسەری ھەیە و وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، یان دەبێ دووبارە ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکان بکرێتەوە، یان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت"














باسنیوز
Top