وەزارەتی خوێندنى باڵا لە وەرگرتنى خوێندکاراندا کۆمەڵێک گۆڕانکارى دەکات
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە "لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتى: بەئامانجى زوتر دەستپێکردنى دەوامى خوێندکارانى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری دا بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕاگەیاندنى وەرگرتنى ناوى خوێندکارانى بەدو قۆناخ بێت".
وێنەیەک لە دەقی کۆنفراسنە ڕۆژنامەنووسیەکە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بە ئامانجى سوود وەرگرتن لە ئەزمونى وڵاتانى پێشکەوتوو، ڕەچاوکردنى حەز و ئارەزووى خوێندکار و بەرزکردنەوەى زیاترى ئاستى زانستى زانکۆکان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) کۆمەڵێک گۆڕانکارى گرنگى و گەورەى لە ناوەندى وەرگرتن و سیستمى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان پەسند کرد، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیەدا وردەکارى ئەو گۆڕانکاریانە خرانەڕوو.
لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٣/٤/٢٠١٧) لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ کۆمیتەى باڵاى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆکان ڕێک خرابوو لایەنەکانى گۆڕانکارییەکان باس کران.
سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى فراوان دەکرێت:
لەو چوارچێوەیەدا و لە سەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون ڕایگەیاند: "سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆى، کەلە ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧) دەست بە جێبەجێکردنى کرا، بە شێوازێکى فراوان لەلایەن دەرچوانى پۆلى دوانزدەى ئامادەیى و کەسوکاریان پێشوازییەکى گەرمى لێکرا و، خۆشبەختانە توانیمان بۆ یەکەمین جار بەسەرکەوتوى جێبەجێى بکەین، وتیشى بەهۆى جێبەجێکردنى ئەو سیستمە نوێیەوە فشار لەسەر بەشە ناوخۆیى زانکۆکانیش کەم بوەوە.
د.محمد سابر ڕوونیشی کردەوە ساڵى ڕابردوداو ئەو سیستمە لە زیاتر لە (١٠٠) بەشى زانستى لە سەرجەم زانکۆکان جێبەجێ کرا، ئاشکراشی کرد بە سوو وەرگرتن لەو ئەزموونە سەرکەوتووە ئەنجومەنى وەزارەتەکەمان بڕیاری دراوە بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ئەو سیستمە فراوان بکات، بە شێوەیەک سەرجەم بەشە زانستیەکان بگرێتەوە، جگە لە کۆلێژە (پزیشکییەکان، ئەندازیارى، یاسا) و، بەشەکانى (بایەلۆژى، کیمیا، زانستەکانى کۆمپیوتەر) لە کۆلێژەکانى زانست و، بەشەکانى (زمانى ئینگلیزى) لە کۆلێژەکانى زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکان و ئەدەبیات.
ئەمساڵ خوێندکاران بە دوو قۆناخ لە زانکۆ وەردەگیرین:
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتى: بەئامانجى زوتر دەستپێکردنى دەوامى خوێندکارانى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری دا بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕاگەیاندنى وەرگرتنى ناوى خوێندکارانى بەدو قۆناخ بێت، بەشێوەیەک بۆ هەر قۆناخێکى دەرچون ڕێژەیەکى گونجاو لە پلانى وەرگرتنیان بۆ دانراوە، د.محمد سابر ڕوونکردنەوەى زیاترى داو وتى: ڕێژەى (٥٥%)، یان زیاتر کورسیەکانى خوێندنى قۆناخى یەکەم بۆ دەرچوانى خولى یەکەمى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى ئەمساڵ و ساڵى پێشو(ئەوانەى لە هیچ زانکۆەیەک وەرنەگیراون) تەرخان دەکرێت، هەروەک ڕێژەى (٤٥%)ى کورسیەکانى خوێندنیش کە لە قۆناخى دوەم ڕادەگەێندرێت بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى خولى دوەمى تاقیکردنەوەکانى ئەمساڵ دەبێت.
خوازیارانى کۆلێژەکانى (پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) لە ئەژمارکردنى نمرەى چەند وانەیەک سەرپشک دەکرێن
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، د.محمد سابر بڕیارێکى دیکەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراکرد و ڕایگەیاند: بۆ لەمەودوا دەرچوانى لقى زانستى پۆلى دوانزەیى ئامادەیى بۆ پێشکەشکردنى داواکارى وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانى (کۆمەڵەى پزیشکى، ئەندازیارى، زانست) دەتوانن تەنها نمرەى وانە پەیوەندیدارەکانى (فیزیا، کیمیا، بیرکارى، زیندەوەرزانى، زمانى ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و، ئەژمارکردنى نمرەى وانەکانى تر بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەى دەبێ پێشکەشکار لەسەرجەم وانەکان دەرچوبێت، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و وەرگرتن ئاشکراشیکرد، ئەم بڕیارە لە وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، واتا دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئەمساڵ دەتوانن سود لەو بڕیارە وەربگرن.
ئەژمارکردنى تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکان
لە بەشێکى دیکەى ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، مژدەیەکى دیکە بە دەرچوانى پۆلى دوانزەیى ئامادەیى درا بەتایبەت ئەو خوێندکارانەى کە خاوەن تاقیکردنەوە ستانداردە نێودەوڵەتیەکانن، بۆ ئەوەش د.محمد سابر وتى: ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا تاقیکردنەوە ستاندارە نێودەوڵەتیەکان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەژمار بکرێ، بۆیە ئەو خوێندکارانەى دەرچوى پۆلى دوانزەیى ئامادەیى کە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانى وەک (SAT1 and SAT2 ) و(AlEUEL EXAM) ئەنجام داوە، دەتوانن لە کاتى پێشکەشکردنى داواکارى بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامى تاقیکردنەوەکانیان هاوپێچ بکەن تا بۆیان ئەژمار بکرێت، ئاشکراشیکرد ئەم تاقیکردنەوانە لە زانکۆ و حکومى و تایبەتەکان خوێندکاران دەتوانن پێیى بچنە پیشبڕکێ و، دواى ئەوەى لەلایەن کۆمیتەیەکەوە ڕێنمایى بۆ دەردەچێت، لە ئەمساڵیشەوە دەچێتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.
دابینکردنى کورسى خوێندن (زمانى و ئەدەبى کوردى) بۆ خەڵکى بیانى
لە بەشى کۆتایى کۆنگرە ڕۆژنامەیدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ یەکەمین جار بڕیاریدا بەجێبەجێکردنى پڕۆژەیەکى گرنگـ، ئاشکراشیکرد پڕۆژەکە تایبەتە بەبایەخدان بەزمان و ئەدەبى کوردى، چونکە ئێستا هەرێمى کوردستان و کورد بەشێوەیەکى گشتى بۆتە جێگەى گرنگ و بایەخى خەڵکى بیانى، بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیاریدا بەجێبەجێکردنى پڕۆژەیەک کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کورسى خوێندنى فول سکۆلەرشیپ بەناوى (Kurdish studies ) بۆ خەڵکى بیانى تەرخان دەکات، وتیشى پڕۆژەکە سەرجەم ئاستەکانى خوێندنى باڵا (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) دەگرێتەوە و، ساڵانە بەپێى تواناى زانکۆکان ژمارەیەک کورسى خوێندنى تایبەت بەزمان و ئەدەبى کوردى بۆ خەڵکى بیانى تەرخان دەکات، ئەوەشى ڕاگەیاند: لە ئێستادا کۆمیتەیەکى باڵا-یی بەناوى کۆمیتەى باڵا نیشتمانى بۆ کورد سکۆلەرشیپ ( National committee for kurd scholarships - NCKS) پێکهاتوە و، کۆمیتەکەش نەخشە ڕێى کارکردنى داڕشتوە، د.محمد سابر وتیشى بەجێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکى گەورە بەزمان و ئەدەب و مێژو و کەلتور و کەلەپورى کوردى دەکرێ.
لە کۆتایى کۆنگرە ڕۆژنامەکەشدا لەلایەن میدیاکاران و ڕۆژنامەوانانەوە چەندین پرسیار ئاراستەى ڕێکخەرانى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکە کرا و، دواتریش وەڵام درانەوە.
باسنیوز
