بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆدەبنەوە
کۆبوونەوەکەی هەردوو پارتەکە بۆ تاوتوێی ئەنجامی سەردانی شاندی هاوبەشەکەیانە بۆ لای حیزبەکان و دانانی وادەی گشتپرسییە لە کوردستان.
پێشتر فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "هەموو حیزبەكان رایانگەیاندووە لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسین، بەڵام هەندێ حیزب مەرجی هەیە و بەڕێوەچوونی ئەو پرسە لە چوارچێوەی پارتی و یەكێتی دەرچووە".
بەبڕوای فوئاد حوسێن، پارتی و یەكێتی لەسەر گشتپرسی یەك دەنگن. هاوکات مەحموود محەممەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە یەكێتی تاسەر لەسەر گشتپرسی لەگەڵ پارتی پێكەوە دەبن".
کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدایە کە رۆژی شەممە 22-4-2017، سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، لەدوای کۆبوونەوەکەش راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی مافی چارهی خۆنوسین و راگهیاندنی سهربهخۆیی بە مافی گهلی كوردستان دەزانن و رایانگەیاند: "ریفراندۆم دەبێت له ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی سنووری ئیداریی ههرێمی كوردستانیش ئەنجام بدرێت".
