پاسه‌وانى په‌رله‌مانتارێكى توركمان ته‌قه له هاووڵاتییه‌ك ده‌كات و به سه‌ختى بریندارى ده‌كات
پاسه‌وانى بڕیارده‌ره توركمانه‌كه‌ى په‌رله‌مانى عێراق (نیازى معمار ئۆغڵۆ) له ناو شارى خورماتوو ته‌قه له هاووڵاتییه‌كى توركمان ده‌كات و به سه‌ختى بریندارى ده‌كات، دواى گه‌یاندنى به نه‌خۆشخانه‌ى خورماتوو، ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى كه‌ركووك ده‌كرێت.
محه‌مه‌د فایه‌ق، به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى قایمقامییه‌تى خورماتوو، ڕای گه‌یاند :" نزیك كاتژمێر 5:00ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 22ى نیسانى 2017، له گه‌ڕه‌كى حسێن له خورماتوو نزیك ماڵى (نیازى معمار ئۆغڵۆ) بڕیارده‌رى په‌رله‌مانى عێراق، ده‌مالقَه له نێوان پاسه‌وانێكى ئه‌و په‌رله‌مانتاره توركمانه و هاووڵاتییه‌كى دیكه‌ى توركمان درووست ده‌بێت".
ڕوونی ده‌كاته‌وه، كه له‌و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌دا هاووڵاتییه‌كه سه‌رى پاسه‌وانه‌كه‌ى معمار ئۆغڵۆ بریندار ده‌كات، دواتر ئه‌ویش ته‌قه‌ى تێده‌كات و فیشه‌كێك له سنگى ده‌دات، گوتیشی :" هاووڵاتییه‌كه (وه‌هاب عه‌باس) به په‌له ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و له‌وێشه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ى كه‌ركووك ده‌گوازرێته‌وه".
دواتریش له كاتژمێر 7:20 خوله‌كى ئێواره له گه‌ڕه‌كى تین له خورماتوو، هاوولاتییه‌كى كورد به ناوى (محه‌مه‌د نوورى مه‌لا فه‌ریق) كه له وێنه‌كه خواره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، له لایه‌ن دوو چه‌كدارى سه‌ر ماتۆڕسكیلێكه‌وه بریندار ده‌كرێت و پاشان ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه كرا و چاره‌سه‌رى وه‌رگرت.
bas news-
