بانكی ڕەشید بە مەرج قەرز بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەدات
حاکم سەرحان سێڵفانەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "هەر یەكە لە بانكی ناوەندی ڕافیدین و ڕەشیدین بە مەرج قەرزی 10 ملیۆنی بە هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدەن، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانیش بۆ پێدانی قەرز ئەوەیەکە دەبێ ئەو كەسەی دەبێتە (كەفیل) دانیشتووی پارێزگای كەركووك، یان پارێزگاكانی دیکەی عێراق بێت، چونكە ئەگەر كەفیل هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بێت، ئەوا قەرز بە كەسەكە نادرێت".
پێش ماوەیەك هەریەكە لە بانکی ناوەندیی ڕەشید و ڕافیدین بە مەبەستی كردنەوەی لقیان لە هەرێمی كوردستان، چەند جارێك لێژنەكانیان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا كۆبوونەوەیان كردووە.
لەم بارەوە عەبدولڕەحمان ساڵح بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی، لەم بارەوە ڕایگەیاند: "هێشتا هیچ لقێكی بانكی ناوەندیی عێراق لە هەرێمی كوردستان نەكراوەتەوە، هەرچەندە لێژنەكانی ئەو دوو بانكە لەگەڵ وەزارەتی داراییش كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، بەڵام نازانم كۆبوونەوەكانیان بە كوێ گەیشتووە و لە چ قۆناغێك دایە".
باسنیوز
