ساڵانە لە هەرێمی کوردستان 850 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن
د. خاڵس قادر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان یەکجار زۆر و مەترسیدارن، بەڵام: ”کەس نایانبینێ و کەس نایانبیستێ“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەپێی ئامارەکانیان، بە شێوەی تێکڕا، ڕۆژانە 3 کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن و 28 کەسی دیکەش بە هەمان هۆکار بریندار و کەمئەندام دەبن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندرووستی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە، بە شێوەی تێکڕا، ساڵانە 850 کەس لە هەرێمی کوردستان گیان لەدەست دەدەن و 10 هەزار کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی چەند ڕووداوێکی جیاجیا، ژمارەیەک مامۆستا و قوتابی گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
باسنیوز
