نوێنەری خامنەیی لە ئیلام: دەبێ ڕێگە لە گەشەی زمانی کوردی بگیرێت
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە ئاژانسی ڕایگەیاندووە، سیمینارەکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری (سەرابلە)ی سەر بە ئیلام بەڕێوە چووە و هەڵویستی ئیمام جومعەی ئیلام لەدژی زمانی کوردی، کاردانەوەی بەشداربوانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، (محەمەدتەقی لوتفی) بەرنوێژی هەینیی ئیلام و نوێنەری خامنەیی لەو پارێزگایە لە سیمینارێکدا کە بۆ یادی شەشەمین خولی بیرئانینی (عەلیشاه خان حیدەریزادە) شاعیری ناسراوی ئیلامی ساز کرابوو،سەرەڕای ناڕەزایی دەربڕین بە چاپی کتێبی کوردی ڕایگەیاندووە "نازانم ئەم کتێبەی کە چاپ بووە بە چ زمانێکە، ئەم ڕێنووسە، ڕێنووس و ئەلف و بێی ئیلامی نییە، بەڵکوو ڕێنووسی کوردیی (کوردستانی)یە، دەبێ لە ئیلام پێشی پێ بگیرێت".
ئەم گوتانە سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە و پاشان سەرجەم بەشداربوانیش پەرچەکداریان بەو هەڵویستەی نوێنەری خامنەیی دەربڕیوە.
خانم سەید ئەحمەدی، بەڕێوەبەری سیمینارەکە لە کاردانەوە بەو هەڵوێستەی ئیمام جومعە گوتی "ڕێنووسی کوردی یەکێک لە پوختەترین ڕێنووسەکانە کەلە زۆر شوێن دەربڕین و نووسینی وەک یەکێکە و ئێمەش شانازیی پێوە دەکەین".
بەشداربوانی سیمینارەکە پاش قسەکانی بەرێوەبەری بەرنامەکە، تێکڕا پشتیگیری خۆیان بۆ قسەکانی ئەو خاتوونە دەربڕیوە و لە بەرانبەر قسەی نوێنەری خامنەییدا کاردانەوەیان هەبووە.
چەندین نووسەر لە پارێزگاکان ئیلام، سنە، هەمەدان، لوڕستان، کرماشان، ئیلام، خووزستان و هەمەدان لەو سیمینارەدا بەشدار بوون.
باسنیوز
