ئەمڕۆ یەکێتی و گۆڕان کۆ دەبنەوە و گۆڕان ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی بە هەڵوەشاوە دەزانێت

ئەمڕۆ یەکێتی و گۆڕان کۆ دەبنەوە و گۆڕان ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی بە هەڵوەشاوە دەزانێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە و پرسی ڕیفراندۆم تاوتوێ دەکەن، لە کاتێکدا گۆڕان بەهۆی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان، لە یەکێتی نیگەرانە.



شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیای بزووتنەوەکەی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 22/4/2017، کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و گۆڕان بەڕێوە دەچێت. ئەوەشی ئاشکرا کرد: “كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی هەلومەرجی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان‌ و عێراق‌ و ناوچەكە و پرسی ڕیفراندۆم‌ و دید‌ و بۆچوونی هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەم پرسە و چۆنیەتیی ئاساییكردنەوەی باردۆخی هەرێمی كوردستان‌ و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان ‌و پەیوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان".



پێشتر نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاندووە: "ماوەی ساڵێکە بزووتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی واژۆ کردووە، بەڵام تا ئێستا بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون و بە شێوەیەکی باشیش ڕێککەوتنە نەچووەتە پێشەوە”. هاوکات ڕەخنەی ئەوەی لە یەکێتی گرت کە “دەبووایە بە گڕ و تینێکی بەهێزەوە گرنگی بە ڕێککەوتنەکە بدات".



هاوکات پەیام ئەحمەد، ئەندامی ژووری پەرلەمان و حکوومەت لەناو بزووتنەوەی گۆڕان، ڕاگەیاند: "باشترین چارەسەر ئەوەیە، جڤاتی گشتی و نیشتمانیی گۆڕان بڕیار بدەن، چونکە ئێمە حیسابی هەڵوەشاوە بۆ ڕێککەوتنەکە دەکەین". ئاشکراشی کرد: “نەوشیروان مستەفا لە دۆخی ڕێککەوتنەکە نیگەرانە، چونکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، ئومێدمان بوو ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە وای لێهات".




باسنیوز
Top