به‌یان سامی عه‌بدوڵڕه‌حمان : یه‌كپارچه‌یی عێراق خه‌ونی هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌ی نییه و کورد بڕیاری داوە ئەمساڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدات.
قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی کۆڕەکە كه‌سێكی نوێ بوو كه عێراق بۆ جێگرتنه‌وه‌ی كوردێكی فه‌یلی وه‌كو باڵیۆزی خۆی لە واشنتن هه‌ڵیبژاردووه. فه‌رید یاسین، باڵیۆزی عێراق له واشنتن رایگەیاند: "ده‌مانه‌وێت عێراقییه‌كان به‌هه‌موو كه‌مایه‌تییه‌كانه‌وه خۆیان به‌خاوه‌نی پرۆسه‌ی سیاسی بزانن."
پاشان ئه‌مه روویدا. رێكخه‌ری كۆڕه‌كه داوای له نوێنه‌ری باشووری كوردستان کرد تا ئه‌ویش قسه‌ی خۆی بكات. به پرسیارێكی كورت، به شێوه‌زاری به‌ریتانی، ئه‌م نوێنه‌ره كورده بیری ئه‌مریكییه‌كانی هێنایه‌وه "یه‌كپارچه‌یی عێراق خه‌ونی هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌ی نییه".
به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له واشنتن گوتی: "نیه‌تمانه ئه‌مساڵ ریفراندۆم له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامبده‌ین. ئه‌مه چۆن جێگای ده‌بێته‌وه له نێو ئه‌و هه‌موو شته‌ی باستان كرد؟".
بۆچی به‌یان سامی عه‌بدوڵڕه‌حمان پرسیاری گشتپرسی له‌م بۆنه‌یه‌دا وروژاند؟ ئەو لە وەڵامدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ده‌چیت بۆ ئه‌و كۆڕه، كاژێرێك قسه ده‌كه‌ن له‌سه‌ر عێراق و ئاینده‌ی عێراق ، به‌ڵام كه‌س باسی ریفراندۆمی كوردستانی نه‌كرد، ئه‌وه بۆ من شتێكی سه‌یر بوو."
پرسیاره‌كه‌ی ئه‌م نوێنه‌ره كورده به‌شێكه له‌و هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ به‌ره‌و پێشبردنه‌وه‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی گرتوویه‌تییه به‌ر. ئه‌وه‌ی له‌م كۆڕه‌دا روویدا ده‌ریده‌خات سه‌ركردایه‌تی كورد واده‌رده‌كه‌ون چیدیکە شه‌رم له به ئاشكرا باسكردنی سه‌ربه‌خۆیی نه‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا كه حه‌ز به بیستنی ناكه‌ن.
هه‌ندێك له قسه‌كارانی پانێڵه‌كه‌ی واشنتن به تووندی دژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوون. ریچارد بێركڵ، پسپۆڕی یاسایی نێوده‌وڵه‌تی له ناوه‌ندی ترێندس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "له‌م قۆناخه‌دا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نامانه‌وێت گرووپه‌كان، كۆمه‌ڵگاكان و ده‌وڵه‌ته‌كان دابه‌ش ببن، چوونكه ئه‌مه، له بری سه‌قامگیری، زیاتر ده‌بێته هۆی دروستبوونی ناسه‌قامگیری."
هه‌ندێكی دیكه بۆچونێكی دۆستانه‌تریان به‌رامبه‌ر كورد خسته‌ڕوو. ویلیا‌م ئینیارت، ئه‌ندامی پێشووی كۆنگرێس بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "زۆر زۆر گرنگه كه ئه‌گه‌ر وه‌كو به‌شێكن له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی عێراق یاخود ده‌بنه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ده‌بێت كورد ده‌نگێكی به‌هێزی له بڕیاردان له‌سه‌ر داهاتووی خۆی هه‌بێت."
گشتپرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بڕیاره ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت. ئه‌گه‌ر بێت و كوردستان جیاببێته‌وه، پاڵپشتی واشنتن وه‌كو گرنگی ئۆكسیجنه بۆ مرۆڤ. نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ، ئه‌مه ده‌زانێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له خه‌باتكردن بۆ بە‌ده‌ستهێنانی.
رووداو
