ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 119 ساڵەی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی له‌ په‌یامێكی بەڵاوكردەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 119 ساڵەی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی له‌ په‌یامێكی بەڵاوكردەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 119 ساڵەی یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی له‌ په‌یامێكدا یادى 119 ساڵه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى و 19 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستانى له‌ ڕۆژنامه‌نوووسان و میدیاكارانى كورد پیرۆز کردووە.





دەقی پەیامەکە:



له‌ یادى ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى و دامه‌زراندنى سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستاندا، سڵاو و دروود بۆ گیانى مامۆستا میقداد میدحه‌ت به‌درخان و ته‌واوى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكارانه‌ى كوردستان ده‌نێرین كه‌ ژیانیان به‌ وشه‌ى كوردى به‌خشى و له‌و پێناوه‌دا گیانیان به‌خت كرد. له‌م یاده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ دلێرانه‌ى له‌ ڕووماڵى شه‌ڕى دژى داعشدا گیانیان به‌خشى و شه‌هید بوون، یان به‌ركه‌وتن و بریندار بوون، به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌. ئه‌م یاده‌ له‌ ته‌واوى ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران و ده‌زگا ڕۆژنامه‌وانى و میدیاییه‌كانى كورد پیرۆز ده‌كه‌ین، هیواى سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازین.



له‌م یاده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ ڕۆڵى ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانى كورد و كوردستان و قوربانیدان و خۆبه‌ختكردنیان له‌ قۆناغه‌كانى شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانى كوردستان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دوژمنان و تیرۆر و تیرۆرستان، هه‌روه‌ها له‌ به‌شدارییان له‌ بنیاتنان و پێشخستن و به‌ره‌وپێشبرنى كۆمه‌ڵگه و وشیاركردنه‌وه‌یدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و ته‌واوى پشتگیریمان بۆ ماف و ئازادییه‌كانى ڕۆژنانووسان و میدیاكاران و ئازادیى نووسین و ڕاده‌بڕین و په‌خش و بڵاوكردنه‌وه،‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.



وه‌ك زۆر لایه‌نى دیكه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ بوارى ڕۆژنامه‌گه‌رى و میدیاییش له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌وتنێكى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ى دوایى و له‌ كاتى ڕووماڵى شه‌ڕى دژى تیرۆردا، ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاى كوردستان قۆناغێكى دیكه‌یان تێپه‌ڕاند و سه‌لماندیان كه‌ ده‌توانن هاوشانى میدیاى جیهانى كار بكه‌ن و زۆر جاریش ببنه‌ تاقه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵ بۆ ئاژانسه‌ ڕۆژنامه‌وانى و میدیاییه‌كانى جیهان، كه‌ ئه‌مه‌ش مایه‌ى خۆشحاڵى و شانازییه‌ بۆ هه‌رێمى كورستان و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین.



له‌م یاده‌دا وێڕاى دووباره‌ پیرۆزباییمان له‌ ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانى كورد، داواكارین پیشه‌ییانه‌تر و به‌ شێوه‌یه‌كى پرۆفیشیناڵتر كار و ئه‌ركه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و هه‌موو ئه‌و بنه‌ما و به‌ها و پره‌نسیپانه‌ بپارێزن كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رى و میدیاى پیشه‌یى و پرۆفیشینالى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، تا بتوانن خزمه‌تى زیاترى كۆمه‌ڵگه‌ و ئێستا و داهاتووى كوردستان بكه‌ن.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان

22/4/2017
Top