گەورەترین دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی رۆڵی پێشمەرگە بەرز هەڵدەسەنگێنێت

گەورەترین دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی رۆڵی پێشمەرگە بەرز هەڵدەسەنگێنێت


گەورەترین دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر، بەرز هەڵدەسەنگێنێت.



شاندێکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان و ئەندامانیلێژنەی باڵای فتوای کوردستان سەردانی میسریان کردووە و لەگەڵ د. ئەحمەد شەوقی، شێخ (سەرۆک)ی زانکۆی ئەزهەر کۆ بوونەوە.



شاندی زانایانی ئیسلامیی کوردستان باسیان لە هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی کردووە و ئەحمەد شەوقی‌ش لە بە زانایانی ئیسلامیی کوردستانی راگەیاندووە، ئەوان لە ئێش و ئازارەکانی گەلی کوردستان تێدەگەن.



زانکۆی ئەزهەر، گەورەترین دامەزراوەی ئایینیی موسڵمانانی جیهانە و وەک مەرجەعێکی موسڵمانانی سوننەمەزهەب هەژمار دەکرێت.



شێخی ئەزهەر خۆشحاڵیی خۆی بە پێکەوەژیانی ئایینیی و نەتەوەیی لە کوردستان نیشان داوە و ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی ئیسلامیی کوردستان کردووە لە دژایەتیکردنی بیری توندڕەوی و تیرۆر.



ئەحمەد شەوقی هەروەها رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە رووبەڕوو بوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بە تایبەت دەوڵەتی تیرۆریستی داعش، بەرز هەڵسەنگاندووە.



دوای ئەوەی داعش نزیکەی نیوەی خاکی عێراق و بەشێکی باشووری کوردستان، کە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق داگیر کرد، هێزکانی پێشمەرگە رووبەڕووی داعش بوونەوە و هەموو خاکی باشووری کوردستانیان رزگار کردەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.

bas news-
Top