بارزانی: میدیاکار و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان زەحمەتێکی زۆریان کێشاوە و شوێنی دەستیان دیارە
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی 119مین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و نۆزدەھەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ ھەینی 21/4/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی 119مین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و نۆزدەھەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و گوتی: "پیرۆزبایی لە ھەموو میدیاکار و ڕۆژنامەنووس و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
ھەر لە پەیامەکەدا بارزانی دەڵێت: "مایەی شانازییە کە لە وڵاتەکەماندا ڕۆژنامەگەری و کاری میدیایی لە سایەی ئازادی و فرەیی سیاسی قۆناغی باشی بڕیوە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات: "جێگەی خۆیەتی کە لەم بۆنەیەدا دەستخۆشی لە میدیاکار و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بکەم کە لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی گەلەکەمان زەحمەتێکی زۆریان کێشاوە و شوێنی دەستیان دیارە".
بارزانی ھەروەھا دەڵێت: "داوا لە ڕۆژنامەنووسانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم دوور لە ھەر جۆرە ئینتمایەکی سیاسی قەڵەم و ھزر و تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی".
bas news-
