شاخەوان عەبدوڵڵا: شەرعییەتی دەوڵەتی سەربەخۆ لە عەمار حەکیم وەرناگرین

 شاخەوان عەبدوڵڵا: شەرعییەتی دەوڵەتی سەربەخۆ لە عەمار حەکیم وەرناگرین
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی سەرۆکی هاوپەیمانیی نیـشتیمانیی شیعەکان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت،کە گەلی کوردستان شەرعییەتی دەوڵەتی سەربەخۆ لەو وەرناگرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، لێدوانەکەی عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ”لەلایەن ھەر کەسێکی دیکە بووایە، ھێندەی عەمار حەکیم نیگەرانی نەدەکردین“، چونکە ”خۆی و خانەوادەکەی کە لە رابردوودا پشتگیری دۆزی کورد و مافەکانی گەلی کوردییان کردووە“.

شاخەوان عەبدوڵڵا بە ئاماژەکردن بەوە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان تەنیا پەیوەندیی بە گەلی کوردستانەوەیە، رایگەیاند، ”شەرعییەتی ریفراندۆم لە عەمار حەکیم وەرناگرین“.

هەروەک ئەو پەرلەمانتارە بە بیر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقی هێناوەتەوە، ”زۆرن ئەو دەوڵەتە عەرەبی و جیھانییانەی پشتگیری ئەو پرسە دەکەن و لە داھاتووشدا شایەتی ئەو پرسە دەدەن".

پێشتر عەمار حەکیم رایگەیاند، کە نابێ گەلی باشووری کوردستان بیر لە سەربەخۆبوون بکاتەوە و لە ئەگەری سەربەخۆبوونیش، تەنیا ئیسرائیل دان بە دەوڵەتەکەیاندا دەنێت.












Top