شاخەوان عەبدوڵڵا: شەرعییەتی دەوڵەتی سەربەخۆ لە عەمار حەکیم وەرناگرین
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، لێدوانەکەی عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ”لەلایەن ھەر کەسێکی دیکە بووایە، ھێندەی عەمار حەکیم نیگەرانی نەدەکردین“، چونکە ”خۆی و خانەوادەکەی کە لە رابردوودا پشتگیری دۆزی کورد و مافەکانی گەلی کوردییان کردووە“.
شاخەوان عەبدوڵڵا بە ئاماژەکردن بەوە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان تەنیا پەیوەندیی بە گەلی کوردستانەوەیە، رایگەیاند، ”شەرعییەتی ریفراندۆم لە عەمار حەکیم وەرناگرین“.
هەروەک ئەو پەرلەمانتارە بە بیر سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقی هێناوەتەوە، ”زۆرن ئەو دەوڵەتە عەرەبی و جیھانییانەی پشتگیری ئەو پرسە دەکەن و لە داھاتووشدا شایەتی ئەو پرسە دەدەن".
پێشتر عەمار حەکیم رایگەیاند، کە نابێ گەلی باشووری کوردستان بیر لە سەربەخۆبوون بکاتەوە و لە ئەگەری سەربەخۆبوونیش، تەنیا ئیسرائیل دان بە دەوڵەتەکەیاندا دەنێت.
