گەورەترین دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی رۆڵی پێشمەرگە بەرز هەڵدەسەنگێنێت
شاندێکی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان و ئەندامانیلێژنەی باڵای فتوای کوردستان سەردانی میسریان کردووە و لەگەڵ د. ئەحمەد شەوقی، شێخ (سەرۆک)ی زانکۆی ئەزهەر کۆ بوونەوە.
شاندی زانایانی ئیسلامیی کوردستان باسیان لە هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی کردووە و ئەحمەد شەوقیش لە بە زانایانی ئیسلامیی کوردستانی راگەیاندووە، ئەوان لە ئێش و ئازارەکانی گەلی کوردستان تێدەگەن.
زانکۆی ئەزهەر، گەورەترین دامەزراوەی ئایینیی موسڵمانانی جیهانە و وەک مەرجەعێکی موسڵمانانی سوننەمەزهەب هەژمار دەکرێت.
شێخی ئەزهەر خۆشحاڵیی خۆی بە پێکەوەژیانی ئایینیی و نەتەوەیی لە کوردستان نیشان داوە و ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی ئیسلامیی کوردستان کردووە لە دژایەتیکردنی بیری توندڕەوی و تیرۆر.
ئەحمەد شەوقی هەروەها رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە رووبەڕوو بوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بە تایبەت دەوڵەتی تیرۆریستی داعش، بەرز هەڵسەنگاندووە.
دوای ئەوەی داعش نزیکەی نیوەی خاکی عێراق و بەشێکی باشووری کوردستان، کە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق داگیر کرد، هێزکانی پێشمەرگە رووبەڕووی داعش بوونەوە و هەموو خاکی باشووری کوردستانیان رزگار کردەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
