سبەی چۆنیەتیی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران رادەگەیەندرێت
عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "سبەینێ لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری چۆنیەتی دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران دەخەیەنە ڕوو".
گوتیشی: "سبەی کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری چۆنیەتی دابەشکردنی پارەی گەنمی ٢٠١٦ی جووتیاران، دەخەینەروو".
روونی کردەوە، سبەی ھەواڵی خۆش و موژدە ئامێز بۆ جووتیاران رادەگەیەندرێت، گوتیشی: "لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا چۆنیەتی گەیشتنی پارەکە و دابەشکردنی بەسەر جوتیاران ڕادەگەیەنین، موژدەش بە جووتیاران دەدەین کە چاوەڕوانیەکانیان کۆتایی دێت و پارەکانیان دابەش دەکرێت".
پێشتر ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیاندبوو کە پەیوەندی بە وەزیری بازرگانی بە وەکالەت کردووە و لە وەڵامدا پێی ڕاگەیاندووە، کە پێشتر تەنھا لیستی جووتیارانی دھۆک_یان پێگەیشتووە و وردبینی کراوە، ئەمڕۆ لیستەکانی ھەولێر و سلێمانی وردبینیکردنیان تەواو بووە و گەینراونەتە وەزاەت، گوتیشی :" وەزیری بازرگانی فەرمانی خەرجکردنی بۆ بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین ناردووە، بەمەبەستی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران و دواتر ھەواڵەکردنی بۆ کوردستان".
ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو وەزیرە پێی ڕاگەیاندووە، پارەکە بریتییە لە ڕێژەی ١٧% پارەی تەرخانکراوە کە حکوومەت یەک ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر پەرلەمان بڕیاری دا بە پابەندکردنی حکوومەت، بەوەی ڕێژەی ٨٠% پارەی تەرخانکراو بۆ گەنمی جووتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج بکات، گوتیشی: "ماوەی ھەواڵەکردنی پارەکە بەشێوەیەکی ئاسایی دوو تا سێ ڕۆژی پێدەچێت".
PAYAMNER -
