رێگە نوێیەکان بۆ دەستنیشانکردنی شیرپەنجەی پرۆستات

رێگە نوێیەکان بۆ دەستنیشانکردنی شیرپەنجەی پرۆستات
شێرپەنجەی پرۆستات یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێوان پیاوان، هەربۆیەش نێوەندە پزیشکییەکان بەردەوام توێژینەوەی نوێ لەبارەی بە رێگەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەری ئەم شێرپەنجەیە دەکەن.

یەکێک لە رێگە سەرەکییەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییە، پشکنینی دەستیی کۆم و هەڵسەنگاندنی رێژەی ئەو ئەنزیمەیە کە بە ئەنتیجینی تایبەتیی پرۆستات (PSA) ناسراوە.

هەرچەندە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات زیاترە ئەگەربێتو رێژەی (PSA)ی کەسەکە زیاتر بێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا رێژەی ئەو ئەنزیمە لە کەسەکەدا ئاسایی یان تەنانەت کەمیشە، کەچی کەسەکە دەشێت شێرپەنجەکەی هەبێت. بۆیە لەم حاڵەتانەدا بۆ دەستنیشانکردنی پرۆستات لە کەسەکەدا دەکرێ پشت بە کۆمەڵێک رێگەی دیکەی وەکوو هەڵسەنگاندنی بەشەکانی دیکەی (PSA) بەکاردەهێنرێ. بەڵام ئەم رێگەیەش بەس نییە بۆ ئەوەی دەستنیشان بکرێ ئاخۆ کەسێک کە (PSA)کەی بەرزە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە یان نا.

لە نوێترین ئەو رێگانەی ئێستا بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پڕۆستات بەکاردێ بریتییە لە:
MRI/Ultrasound guided biopsy
(MRI) یان سۆنار بۆ هاوکاریکردن لە وەرزگرتنی توێژاڵێکی تەنک لە شانە گومانلێکراوەکان، تاکو دواتر پشکنینی تاقیگەیی بۆ بکرێت و دەستنیشانی شێرپەنجە بکات، یەکێکە لە دوایین ئەو تەکنەلۆجیایانەی بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پرۆستات کەڵکی لێوەردەگیرێ، بە تایبەتیش کاتێک لەگەڵ تەکنەلۆژیای (Tesla 3) بەکاردەهێنرێ، چونکە ئەم دوو تەکنیکە پێکەوە وێنەی وردتر دەخەنە بەردەستی پزیشکەکان، کە تێیدا دوایین هەنگاویش بۆ دەستخستنی وێنەی نوێ بەکارهێنانی شلەمەنییەکی رەنگدارە کە لە رێگەی خوێنبەرەکانەوە دەکرێتە جەستەوە و بڵاودەبێتەوە، دواتریش ئەو ئەنجامانەی لەم سێ رێگەیەوە دەستدەخرێن پێکەوە شیدەکرێنەوە.

لەم رێگەیەدا پسپۆڕانی دەستنیشانکردن بە تیشک ئەو شوێنانە دەستنیشان دەکەن کە گومان دەکرێ تووشی شێرپەنجە بووبن، هەروەها زانیاری وردیشیان لەسەر پێکهاتەی ناوەوەی پرۆستات دەستدەکەوێ.

یەکێكی دیکە لە گرنگییەکانی ئەم رێگەیە کە تێیدا توێژاڵێکی تەنک وەردەگیرێت بە هاوکاری و چاودێری (MRI) یان سۆنار ئەوەیە کە یارمەتیدەرە لە دەستنیشانکردن و دیاریکردنی وردی ئەو شوێنەی کە دەبێت شانەکەی لێوەربگیرێت.

ئەم رێگە ماوەی نزیک حەوت ساڵە لە جیهاندا بەکاردەهێنرێ، ئەم تەکنۆلۆژیایە بە هۆی نوێ بوونیەوە نەناسراوە و هێشتا پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکراوە، بەڵام رەنگە بە تێپەڕینی کات و پێشکەوتنی زیاتری ئامێرەکانی ناوبانگێکی زیاتر پەیدا بکات.
جیاوازی ئەم رێگەیە ئەوەیە ئەم رێگەی دەستنیشانکردنە لە رێگەی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری بۆ ئاراستەکردنی دەستێکی رۆبۆتی کار دەکات، دەستەکە دەرزییەکی لەسەرە، کە دەچێتە سەر ئەو شوێنە گوماناوییانەی لە (MRI)دا دەستنیشاکراون و لەوێ توێژاڵ بۆ تاقیکردنەوە هەڵدەگرێ. لە رێگەکانی پێشوودا زۆر جار دەرزییەکە نەیدەتوانی بە وردی بچێتە سەر شوێنە گوماناوییەکان، لە کاتێکدا ئەمە بۆ ئەو جۆرە گرێیانەی کە زیانبەخشن زۆر گرنگە.

لەم شێوازە نوێیەدا ئەگەری لادان لە ئامانجەکانی توێژاڵ هەڵگرتن بۆ میلیمەتر کەمکراوەتەوە، هەر بۆیەش پێویست ناکات نەخۆشەکە بە چەندین پرۆسەی توێژاڵ هەڵگرتندا ببردرێ. ئەم شێوازە نوێیەش، لەسەرەتای دەرکەوتنیدا لەسەر ١٢٠ حاڵەت تاقیکراوەتەوە.

تاقیکردنەوەی ئاستی ئەنزێمەکانی پرۆستات لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە بۆ ئەو کەسانە پێویستە، کە لە خێزانەکەیاندا دیاردەی شێرپەنجەی پرۆستات بەدیکراوە. ئەوانەی لە خێزانەکەیاندا ئەو جۆرە نەخۆشییە بەدی نەکراوە، پێویستە لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا تاقیکردنەوەی تایبەت بەو شێرپەنجەیە بکەن.

ئەگەرچی تێچووی ئەم رێگەیە لە شێوازەکانی دیکەی دیاریکردنی نەخۆشییەکە زیاترە بەڵام شارەزایان پێیانوایە بە هۆی وردبوونی ئەنجامەکانی ئەم شێوازە، نەخۆشەکە لە کۆڵ خەرجی تاقیکردنەوەی زیاتر لە داهاتوودا دەبێتەوە، ئەوە جگە لەوەی تاقیکردنەوەی بەردەوامی نەخۆشەکە دەکرێ کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە و باری دەروونی کەسەکە دابنێ.

*سەرۆکی بەشی نەشتەرگەری رۆبۆتی و نەشتەرگەری میزەڕۆ لە گروپی نەخۆشخانەکانی ئاجیبادەم
RUDAW -
Top