مەکتەبی سیاسی پارتی لە بارەی نەخشەڕێگەکەی یەکێتی کۆدەبێتەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی لە بارەی نەخشەڕێگەکەی یەکێتی کۆدەبێتەوە
مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبونەوەیەک سازدەکات بۆ گفتوگۆ لەسەر نەخشەڕێگەی یەکێتی و وەڵامدانەوەی سەبارەت بە خاڵەکانی پرۆژەکە.

یەکێتی لە 8 خاڵدا نەخشەڕێگەیەکی بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی داوەتە پارتی و لایەنەکانی دیکەش، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێ "لەگەڵ پارتی خاڵی هاوبەش و ناکۆکیشیان هەن لەبارەی نەخشەڕێگەکەوە. یەکێتی و پارتی هەوڵەکانیان یەکخستووە بۆ گشتپرسی و قۆناخی دوایی".

پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەڵامدانەوەی نەخشەڕێگەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، بە نیازی کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسییە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، پرۆژەکەی یەکێتی شتی گرنگی تێدایە و پێوستی بە گەنگەشە هەیە ، لە ماوەی نزیکی داهاتوو وەڵامی یەکێتی دەدەینەوە.

کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەخشەڕێگەکە بابەتی گرینگی تێدایە و پێویستی بە دیراسەتکردن هەیە ، لەماوەیەکی کورت کۆبوونەوە دەکرێت و وەڵامیان دەدەینەوە".

نەخشەڕێگاکەی یەکێتی کە بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی باشووری کوردستان ، داویەتییە هەموو لایەنەکان ، ناوەڕۆکەکەی 8 خاڵە و تێیدا هاتووە:

- راگرتن و دروستكردنی هاوسەنگی دەسەڵات
- چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی
- چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی
- شەفافییەت لە داهات و فرۆشتنی نەوت
- رێكخستنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان
- چاكسازی راستەقینە و بنبڕكردنی گەندەڵی
- ناردنی شاندی دانوستاندن بۆ بەغدا
- گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت لەگەڵ پارتی بۆچوونی هاوبەش و ناکۆکیشیان لەسەر نەخشەڕێگەکە هەیە.

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئومێد دەکەین لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا لەگەڵ پارتی گوێبیستی رای ئەوان بین لەسەر خاڵەکان، ئەمە بۆ گفتوگۆیە بۆ ئەوە نییە کە راو بۆچوونی خۆت بسەپێنیت ، پێویستی بە دانوستاندن و گفتوگۆ هەیە، شتی هاوبەشیش زۆرە و بۆ دەوڵەمەندترکردنی قابیلی ئەوەیە گەنگەشەی زیاتری بکرێت".

یەکێتی لەکاتێکدا نەخشەرێگەکەی دایە پارتی ، کە بەهۆی کارکردنیان پێکەوە لەسەر گشتپرسی ، پەیوەندییەکانیان بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ئێستا باشترە، یەکێتی چاوەڕوانی ئەوەی لە پارتی هەیە نەخشەڕێگەکەی قبوڵ بکات و رێگایەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان بدۆزنەوە.
RUDAW -
Top