بەشارەتی: لە کۆی ٥٢ پۆست لە هەڵەبجە تەنیا سێ پۆست بۆ پارتی دانراوە
(فازڵ بەشارەتی)''پرسی حکوومەتی خۆجێی ھەڵەبجە و پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگا ھێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، لەبەر ئەوەی لایەنەکانی دیکە بە ڕژدی نایەنە پێشەوە، چونکە دەیانەوێت دەستی ئێمە ڕاکێشنە ناو بەرپرسیارەتیەکەوە و مافیشمان بە تەواوی جێبەجێ نەکرێت.''
(فازڵ بەشارەتی) گوتی: ''تا ئێستا لایەنەکان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان نەداوە، کە ئێمە تا چ ڕادەیەک بەشداری دەکەین، بۆیە ئێمەش تا دڵنیا نەبین لەوەی کە حکوومەتەکە بە هاوبەشی دەبێت و شەریک دەبین، ناچینە نێو ئەو بەرپرسیارەتییەوە.''
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە ڕوونی کردەوە: ''ھێشتا پۆستەکان یەکلایی نەکراونەتەوە، لەبەر ئەوەی لە کۆی ٥٢ پۆست تەنیا سێ پۆستی بەڕێوبەری گشتی بە ئێمە دراون، ئەوانیش ھێشتا دیاری نەکراون، کە چ بەرێوبەرێک بە ئێمە دەدرێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە ناکرێ بە سێ پۆستەوە بڵێین بەشدارین لە حکوومەتی خۆجێیی ھەڵەبجەدا و بەو شێوەیە بەشداریی ناکەین.''
(بەشارەتی) دەڵێت: ''ھەرکاتێک یەکلایی کرایەوە لە کۆی ئەو ٥٢ پۆستە چەندی بە ئێمە دەدرێت، ئەوکات ئێمەش بڕیاری بەشداریکردن و بەشدارینەکردن دەدەین، چونکە ئێمە داوامان کردووە بە پێی ڕێژەی کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا، چەند پۆست بە ئێمە دەبڕێت، پێی ڕازیین، بەڵام ئەمە تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.''
(بەشارەتی) ڕاشیگەیاند: ''ئەوەی دەکرێت کاتکوشتنە و بەو شێوەیە زۆر زەحمەتە لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانرێت ئەو کێشەیە یەکلا بکرێتەوە.''
KDP -
