بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رەوشی موسڵی دوای داعش تاوتوێ ده‌كه‌ن

بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رەوشی موسڵی دوای داعش تاوتوێ ده‌كه‌ن
سیگمار گابریڵ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا رۆژێك پاش ئه‌وه‌ی له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

گابریڵ شه‌وی رابردوو گه‌یشته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی باڵای حكوومه‌ت پێشوازی لێكرا.
له‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لمانیا رایگه‌یاند گابریڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "پێشمه‌رگه‌ رۆڵێكی كارای له‌ شه‌ڕی تیرۆر هه‌یه‌ و توانی داعش تێكبشكێنێت و پێشمه‌رگه‌ ناوێكی ناسراوه".‌

گوتیشی "شه‌ڕی دژی داعش و هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ته‌ورێكی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌بێت" كه‌ ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر یارمه‌تییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، چه‌كی میلانی بۆ پێشمه‌رگه‌ نارد.



"موسڵی دوای داعش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان"، ته‌ورێكی دیكه‌ كۆبوونه‌وه‌ی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌بێت.

بڕیاره‌ پاش كۆبوونه‌وه‌، بارزانی و گابریڵ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ببه‌ستن و دواتر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی راهێنه‌ره‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات كه‌ مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن.

دیارترین هاوكارییه‌كان ئه‌ڵمانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، چه‌كی دژه‌ تانكی میلان بووه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان، رۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوه‌كانی داعش.

سیگمار گابرێل، له‌ دایكبووی ساڵی 1959یه‌ و له‌ رۆژی 27ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2017، پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا وه‌رگرت، كه‌ پێشتر فرانك واڵته‌ر شتاینمایه‌ر له‌و پۆسته‌دا بوو و ئێستا بووه‌ته‌ سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا.

k24 -
Top