سەرۆکی کوردستان پیرۆزبایی لە گۆڤاری گوڵان دەکات

سەرۆکی کوردستان پیرۆزبایی لە گۆڤاری گوڵان دەکات
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٣ ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤاری گوڵاندا بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی سەرنووسەرو ستافی گۆڤاری گوڵان دەکات ئەمەش دەقەکەیەتی:


به‌ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان

به‌ڕێزان سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كارمه‌ندانی گۆڤاری گوڵان



سڵاو و ڕێز..

بەبۆنەی بیست و سێیەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەکەم.

بە خۆشحاڵییەوە لە سایەی ئازادیی کاری میدیایی لە کوردستان، ژمارەیەکی زۆر کەناڵی ڕاگەیاندنی نووسراو، بیستراو و دیتراو لە کوردستان هەن کە دەتوانن خزمەتێکی زۆر بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بکەن و دەنگی ڕەوای مافەکانمان بگەیەننە دنیا. ئەرکی هەموو ڕاگەیاندنەکانە لەم قۆناخەدا پشتوپەنای گەلەکەیان بن و ڕێگە لەو هەوڵە دوژمنکارییانە بگرن کە دەیانەوێ متمانە و بڕوابەخۆبوونی تاکی کوردستانی لاواز بکەن.

گۆڤاری گوڵان یەکێکە لەو ناوەندە میدیاییانەی لەلای خوێنەرەکانی خاوەن سەنگ و متمانەیە و وەکچۆن بووەتە پردێک بۆ لێکنزیک کردنەوەی ڕۆشنبیرانی کوردستان و دەرەوە و تێڕوانینەکانیان دەگوازێتەوە، بەهەمان شێوەیش لە خزمەت کردنی هەستی نیشتیمانپەرەوەری و بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بە باشی ئەرکی خۆی بەجێ دەگەیەنێت.

دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوادارم ساڵی نوێی تەمەنی گۆڤارەکەتان، ساڵی بەردەوامی و پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر بێت.

مسعود بارزانی

20/4/2017
Top