قوتابییەکی دیکەی ڕووداوەکەی کەلار گیانی لەدەست دا

 قوتابییەکی دیکەی ڕووداوەکەی کەلار گیانی لەدەست دا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، گیان لەدەستدانی قوتابییەکی دیکەی ڕووداوەکەی کەلاری لە نەخۆشخانە ڕاگەیاند.

عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 20/4/2017 لەسەر ڕێگای کەلار ـ گوندی گۆبان، ئۆتۆمبێلێک لەجۆری مینی پاس کە قوتابی ئەو گوندە دەگوێزێتەوە بۆ کەلار، لەکاتی گەڕانەوەیاندا وەرگەڕاوە و بەوھۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی ھەورامان ئەحمەد عەبدولڵا، کە تەمەنی 25 ساڵە گیانی لە دەستداوە و 14 قوتابی دیکەش برینداربوون کە بەھۆی سەختی برینەکانیانەوە 5 یان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون بۆ چارەسەرکردن".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو: "کەمێک پێش ئێستا ئاگادارکراینەوە کە یەکێکی دیکە لە قوتابییەکان بەناوی دیار حوسێن ئەحمەد، کە تەمەنی 24 ساڵە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گیانی لە دەست داوە".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ھۆکاری ڕووداوەکە بۆ پێشبڕکێی نێوان مینی پاسەکە و ئۆتۆمبێلێکی جۆری پاترۆڵ دەگەڕێتەوە کە شۆفێری پاترۆڵەکە بەپێی مادەی 24ی یاسای ھاتووچۆ و لەسەر بڕیاری دادوەر دەستگیر کراوە".







باسنیوز
Top