به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر گرتە ڤیدیۆیەک بڵاو دەکاتەوە
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 20.4.2017 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى ته‌ندروستی هه‌ولێر ڕاگه‌یاندراوێكى له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى ڕۆژهه‌ڵات له شارى هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه ڕای گه‌یاندووه "كه دواى ئه‌وه‌ى ڕۆژى هه‌ینى 19.4.2017 هاووڵاتییه‌ك كه‌له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌كانى شارى هه‌ولێر گواسترایه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى ڕۆژهه‌ڵات، به‌هۆى خراپی باری ته‌ندروستى نه‌خۆشه‌كه‌وه كه له نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى له ژێر چاودێرى چڕبووه، وه‌ك ئه‌وه وایه كه‌له ژێر نه‌شته‌رگه‌رى دابێت، بۆیه كه‌سوكارى نه‌خۆشه‌كه به‌بێ پرس و له‌سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تى خۆیان گواستبوویانه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنى ڕۆژهه‌ڵات".
له ڕاگهیاندراوهكهى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی ته‌ندروستی هه‌لێردا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش كراوه، كه له‌كاتى هێنانى نه‌خۆشه‌كه‌دا په‌یوه‌ندى به به‌ڕێوه‌به‌راتی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر كراوه، بۆ دابینكردنى ته‌خته‌ى تایبه‌ت به چاودێرى چڕى هه‌ناسه‌دان، به‌ڵام به‌هۆى پڕبوونى نه‌خۆشخانه‌كانى دیكه‌ى شارى هه‌ولێر له نه‌خۆش، نه‌مانتوانى جێگه بۆ ئه‌و نه‌خۆشه دابین بكه‌ین، چونكه نه‌ده‌كرا ئه‌و ئامێرانه‌ى بۆ چاودێری چرى هه‌ناسه‌دان بۆ نه‌خۆشێكى دیكه دانراوه نه‌خۆشه‌كانى له‌سه‌ر لابه‌ین و ئه‌و له جێگاكه‌ى دابێن".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه له‌لایه‌ن كه‌سوكارى نه‌خۆشه‌كه‌وه هێرشی ناڕه‌وا كراوه‌ته سه‌ر پزیشك و كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى ڕۆژهه‌ڵات، هه‌روه‌ها له‌و گرتهڤیدۆیهى له‌لایه‌ن كه‌سوكارى نه‌خۆشه‌كه‌وه له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، باس له‌وه كراوه كه نه‌خۆشخانه‌كه ئاماده‌نییه نه‌خۆشه‌كه وه‌ربگرێت، به‌ڵام ڕۆژانه نه‌خۆشخانه‌ى ڕۆژهه‌ڵات هه‌زار و 200 نه‌خۆش سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كه ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێـت، هه‌روه‌ها ڕۆژانه 50 نه‌شته‌رگه‌رى له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا ده‌كرێت، 100 ته‌خته‌ى نه‌خۆشى تێدایه كه به‌رده‌وام نه‌خۆشیان له‌سه‌ره.
باسنيوز
