ڕاوێژکارێکی پێشمەرگە: ئەمریکا داواکارییەکانی مەسرور بارزانی لەبەرچاو گرتووە

 ڕاوێژکارێکی پێشمەرگە: ئەمریکا داواکارییەکانی مەسرور بارزانی لەبەرچاو گرتووە
ڕاوێژکارێکی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا داواکارییەکانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی بۆ پێدانی چەک بە پێشمەرگە لەبەر چاو گرتووە و بڕیاری فرۆشتنی چەکی بە پێشمەرگە داوە.

پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە 19/4/2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بە بڕی 295.6 ملیۆن دۆلار، چەک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەفرۆشێت. قادر حەسەن، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە ئێستا ڕاوێژکاری پێشمەرگەیە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور، ڕایگەیاند: ”ھەنگاوەکەی ئەمریکا بۆ ئێستای کوردستان زۆر گرنگە و وەچەرخانێکی ستراتیژیی سەربازییە لە وڵاتێکی زلھێزەوە بۆ ھەرێمی کوردستان“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە فرۆشتنی چەک لە لایەن ئەمریکاوە بە هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی دیکەیە و ئەم بابەتە لە نێوان دەوڵەتاندا هەبووە و لەو بڕیارەشدا هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ڕاوێژکارەی پێشمەرگە ڕایگەیاند: ”ھەوڵەکانی مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە پڕچەک بکرێت، سەری گرتووە و سەرکەوتنی بەدەست ھێنا، چونکە لە کۆنگرەکانی ئەورووپا و ئەمریکاش مەسروور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناکرێت لە گۆڕانکارییەکاندا ناوچەکەدا پێشمەرگە بەو ئاستە چەکەوە شەڕ بکات“.

دووپاتیشی کردەوە: ”بڕیارەکەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بارزانی و مەسروور بارزانی بووە“.

باسیشی لەوە کرد کە پێشتر مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیپلۆماسیی بەرفراوانی داوە، بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چەک بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدەن و لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکانیدا بە ڕوونی ئەم بابەتەی باس کردووە.








باسنیوز
Top