هێرشێکی داعش لە باشووری مەخموور تێک دەشکێندرێت

هێرشێکی داعش لە باشووری مەخموور تێک دەشکێندرێت
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرش دەکاتە سەر لیوای 91ـی هەولێری سوپای عێراقی و هێرشەکەی تێک دەشکێندرێت.

کۆمیسەر حەمید دزەیی، کۆمیسەر لە لیوای 91ـی هەولێری سوپای عێراق رایگەیاند، شەوی چوارشەممە 19.4.2017، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانی فەوجی یەک و دووی لیوای 91ـی فیرقەی 15ـی سوپای عێراق لە سنووری میحوەری حاجی عەلی لە نێوان شارۆچکەکانی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین، گەیارە لە پارێزگای نەینەوا و شاری مەخموور لە پارێزگای هەولێر.

کۆمیسەر حەمید دزەیی هەروەها رایگەیاند، کە دوای شەڕیکی کورت، هێرشەکەی داعش تێکشکێندرا و نۆ تەرمی چەکدارەکانی داعشیش لە ناوچەکە بەجێمان.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، کە یەکێک لە کوژراوەکان ئەمیرێکی داعشە بە ناوی ماهر خومەیساتی، کە تەرمەکەی لە ناوچەکە بەجێ ماوە.

لەو شەڕەدا، سەربازانی هەردوو فەوجی یەک و دووی لیوای 91 هیچ زیانێکی گیانییان پێ نەگەیشتووە.

ئەو لیوایە پێشتر بەشێک بوو لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دوای رووخاندنی رژێم بەعسی عێراق لە 2003 و دروستکردنەوەی سوپای عێراق، خرایە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و سنوورەکانی کوردستان لە باشووری مەخموور دەپارێزێت.






باسنیوز
Top