پێنتاگۆن پێشنیاز دەکات چەک بە پێشمەرگە بفرۆشرێت
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە پێنتاگۆن داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی و کۆنگرێس دەکات رەزامەندی لە سەر فرۆشتنی چەک بە هێزەکانی پێشمەرگە بدەن.
"ئاژانسی هاوئاهەنگی ئاسایشی بەرگری" سەر بە پێنتاگۆن لە رێی بڵاوکردنەوەی راگەیێنراوێکەوە ئاماژەی بەوەکرد، پێنتاگۆن داوای فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە بڕی 295 دۆلاری ئەمریکی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکە دەربڕیووە و کۆنگرێسیش ئاگادار کراوەتەوە.
هەر لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە چەکەکە بۆ یەکەکانی پیادە و تۆپخانەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "كۆنگریسی ئەمریكی بڕەپارەیەكی وەكو یارمەتیی بۆ هێزە چەكدارەكانی عێراق دابینكردووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش پێشنیازی كردووە لەو بڕە پارەیە 200 ملیۆن دۆلار بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەكو هێزێكی كاریگەر لە شەڕی تیرۆر و داعش تەرخان بكرێت ".
جەبار یاوەر گوتی: " ئەو 200 ملیۆن دۆلارە دابەش دەكرێت بۆ دوو بەش، 100 ملیۆن بۆ دروستكردنی دوو لیوای پڕ چەكی پێشكەوتوو بۆ هێزی پێشمەرگە، 100 ملیۆنەكەی دیكەش بۆ سێ بابەت خەرج دەكرێت، كە بریتییە لە دامەزراندن و یەكخستنی سیستەمی پەیوەندی وەزارەتی پێشمەرگە لە جۆری بێ سیم، هەروەها بڕێك پارەی دیكەش بۆ دابینكردنی كەلوپەلی یەدەگی چەک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان تەرخاندەكرێت، كە بۆ پێشمەرگە دابین كراوە، بڕە پارەكەی دیكەش بۆ مەشق و راهێنان تەرخان دەكرێت".
رۆژی 12-7-2016 لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان ئێلیزا سلۆتكین، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت واژۆ كرا.
بەپێی یادداشتنامەكە ئەمریكا بڕی 415 ملیۆن دۆلار وەكو یارمەتی سەربازی دەداتە هەرێمی كوردستان وەكو هێزێكی سەرەكی لە شەڕی دژی داعش.
رووداو زانیویەتی لە چەند مانگی رابردوو ئەمریكا مووچەی مانگانەی 36 هەزار پێشمەرگەی خەرجکردووە ، كە مانگانە دەكاتە بڕی 26 ملیار دیناری عێراقی.
چەکە پێشنیازکراوەکان
- 113 هەمەڕ
- 36 تۆپی جۆری هاویتزەری 105 ملم
- سیستەمی ناسینەوەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی
- ئامێری پاراستن لەو جۆرە چەکە کۆمەڵکوژانە
- 4400 پارچە چەکی سووک
- 46 دۆشکە
- 186 بیکەیسی
- 12 مۆلیدەی کارەبایی
- چەندین جلوبەرگی گوللـەنەبڕ و کڵاوی سەربازی
- پێداویستی تەندروستی
- ئەمبۆڵانس، تانکەری سووتەمەنی و ئاو
روداو
