هێمن هەورامى: لەبەر خاترى هیچ لایەنێک دەستبەردارى مافى نەتەوەى کورد نابین
ڕۆژی (١٩/٤/٢٠١٧) لیژنەى ناوچەى کۆیەى پارتى دیموکراتى کوردستان سیمینارێکى سیاسیى جەماوەریى بە ناونیشانى (سیاسهتی سهربهخۆییی ههریمی کوردستان و پرسی ڕیفراندۆم)ی بۆ (هێمن هەورامى)، یاریدەدەرى (سەرۆک بارزانى) و ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕێکخست.
(هەورامى) لە دەستپێکى کۆڕەکەیدا باسى لە سیاسەتى وڵاتانى ناوچەکە لە پێنجسەد ساڵى ڕابردووى ناوچەکەدا کرد، خاڵى هاوبەشى ئەو مێژووەى دیارى کرد، کە هەرکاتێک وڵاتانى ناوچەکە هەستیان بە بەهێزیى خۆیان و بێهێزیى کورد کردبێت، پەلامارى کوردیان داوە و، بەپێچەوانەشەوە هەرکاتێک هەستیان بە بێهێزى و لاوازیی خۆیان کردبێت، زمانێکى نەرمونیان و ئاشتیانەیان بەرامبەر بە کورد بەکار هێناوە، تا ئەوکاتەى خۆیان بەهێز کردووەتەوە و پەلامارى کوردیان داوەتەوە. بۆیە سەربەخۆییى کورد زامنى دووبارەنەبوونەوەى ئەو ڕەفتارانەیە، کە لە مێژووى پێنچسەد ساڵى ڕابردووی ناوچەکەدا بەرامبەر بە کورد کراون.
(هێمن هەورامی) پرسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى بە پرسى ئازادیى گشتییەوە بەستەوە، کە پێویستە میللەتى کورد ئازادیى گشتى بەدەست بهێنێت و مومارەسەى مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانى بکات، لە ڕێى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمی سەربەخۆیییەوە. ئیمە دەمانەوێت سەربەخۆ بین، بۆ ئەوەى داهاتوومان وەک ڕابردوو و ئێستا نەبێت. گوتیشی، ڕاستە ئێستا تاکى کورد ئازادە، بەڵام ناتوانین ئەوە بڵێین کە بەگشتى نەتەوەى کورد ئازادە.
لە درێژەى قسەکانیدا ئاماژەى بەو دەرفەتانە کرد، کە بۆ هەرێمى کوردستان هاتوونەتە پێشەوە و، ئەوەى کە لە درێژایى تەمەنى سەد ساڵەى ناوچەکەدا، بۆ یەکەم جارە وەها دەرفەتێک هەبێت، کە هەرێمى کوردستان بتوانێت بڕیارى خۆى بدات. هەروەها باسى لە کۆمەڵێک لە دەرفەتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ ئەم پرسە کرد و گوتی، گەر کورد ئەو دەرفەتانە نەقۆزێتەوە بەرپرسیارەتیى مێژوویى دەکەوێتە سەرشانی. دیوێکى دیکەى قسەکانى ڕووى لە لایەنە سیاسییەکان بوو، کە هەر لایەنێک لەگەڵ ئەم پرسە نەبێت ئەوا دەکەوێتە دەرەوەى ئەو شەمەندەفەرەى کە هەڵگرى خەمى سەربەخۆیى و ئازادیى کوردستانە. بۆیە دەبێت باوەڕ بەوە بێنین، کە تەنیا دەوڵەت ماناى تەواوەتى بە نەتەوە دەبەخشێت.
kdp-
